کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی حیزبی یەکیەتیی کورد لە سووریە لە سکرتاریای حیزبی دێموکرات

03:30 - 10 خەزەڵوەر 2718

شاندێکی حیزبی یەکیەتیی کورد لە سووریە سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و دوولایەن دواگۆڕانکارییەکانی پرسی کورد لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان تاوتوێ کرد. دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە،٩ی خەزەڵوەر شاندێکی حیزبی یەکیەتیی کورد لە سووریە بە سەرپەرستیی کاک ئیبراهیم برۆ، سکرتێری ئەم حیزبە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبەوە بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێکرا. بابەتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و ئەنجام و لێکەوتەکانی ئەم هێرشە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی، پرسی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و ئەو دەرفەت و هەڕەشانەی لەسەر ڕێی وەدیهاتنی مافە نەتەوایەتییەکان لەو بەشەی کوردستانن، پڕکێشییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە و ئەگەرەکانی بەردەم کورد لە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەدا و، پرسی سیاسەت و هەڵسوکەوتی هێزە سیاسییە کوردییەکان لەگەڵ یەکتری لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم دانیشتن و دیدارە بوون. دوو لایەن لەسەر ئەو ڕایە هاوبەش بوون کە پرسی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێ دەپەڕێ و، تەنیا سیاسەتی دروست و ژیرانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و، وەلانانی ناکۆکیی نێوخۆیی و بەرژەوەندیی حیزبییە کە دەتوانێ کورد بکاتە فاکتەر و گەمەکەرێکی بەهێز لەو هاوکێشانەدا. وە ئەوەش ئەرک دەخاتە سەر هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان کە هەم دەرفەتەکانی بەردەم بزووتنەوەی سیاسیی کورد بقۆزنەوە و هەم بە هێزی هاوبەشیان بەرەوڕووی هەر ئەگەر و مەترسییەک ببنەوە کە هەڕەشە لە پرسی کورد و داهاتووی ئەم نەتەوەیە دەکا.