کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سیاسی تەشکیلاتیی سکرتێری گشتیی حیزب لە ناوەندی ٣ی کوردستان

16:26 - 10 خەزەڵوەر 2718

کۆبوونەوەیەکی سیاسیی تەشکیلاتی لە ناوەندی ٣ی کوردستان بۆ بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێک هات. ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی کۆبوونەوەیەکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ بەڕێز مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزب ڕێک خرا. لەو کۆبوونەوەیەدا کە کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی ناوەندی ٣ی کوردستان بەشداربوون، بەڕێزیان باسێکی گشتیی لەسەر هەلومەرجی ئێستای حیزبی دێموکرات و ئەرکی ئەندامانی حیزب لەو قۆناغەدا پێشکەشی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد. کاک مستەفا بە ئاماژەدان بە نەخش و کاریگەریی حیزب لە سەر جووڵانەوەی گەلەکەمان، بەڕوونی تیشکی خستە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خەبات و تێکۆشانی حیزبەکەمان و بەربەرەکانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە دژی داگیرکەرانی کوردستان لە ماوەی چەند دەیە لە خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان بە گرینگ و جێی بایەخ هەڵسەنگاند و بۆ جارێکیتر پێی لەسەر هەموو شێوازەکانی خەبات بەپێی ئیمکان و دەرفەت داگرتەوە. بەڕێزیان وێرای ڕێزگرتن لە خەباتی پێشمەرگانە، ئاماژەی بە خەباتی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات کرد و وێڕای ڕێزگرتن لە خەباتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی نێوخۆی وڵات، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مەیدانی ئەسڵیی خەباتی ئێمە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لەگەڵ ئەوەی کە حیزبی ئێمە پێشەنگی خەباتی مەدەنییە، پێویستە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم زیاتر و بەگوڕتر لە جاران ئەو شێوە خەباتە لە نێو خەڵکدا باشتر و زیاتر پەرە پێبدەین. هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە قەڵای دێموکرات، یەکێکیتر لە تەوەری باسەکانی بەڕێز سکرتێری گشتیی حیزب بوو و لەو بارەوە بە ئیشارە بە وتەکانی کاربەدەستە نیزامی و پلەبەرزەکانی ڕێژیم کە حیزبی دێموکڕاتیان بەوە تاوانبار کردبوو کە ئەو حیزبە بۆتە هۆی شێواندنی وەزعی نێوخۆی کوردستانی ئێران، ئاماژەی بەوە دا کە سیاسەت و هەڵویستەکانی حیزب و کاریگەری و شوێندانەریی حیزبی ئێمە لە سەر ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خەبات، بە تایبەتی خەباتی مەدەنی لە هەلومەرجی ئێستادا و هاندانی خەڵک بۆ خۆڕێکخستن و بەگژداچوونەوەی ڕێژیم، ترسی خستووەتە نێو دڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی؛ هەربۆیە ڕێبەرایەتیی حیزبەکەمانیان دایە بەر هێرش و بەداخەوە کۆمەڵێک لە ئەندام و کادر و پێشمەرگە بەوەجەکانی حیزب شەهید و بریندار بوون. کاک مستەفا بە ئاماژەدان بە ڕووداوە تاڵەکانی ڕابردوو و هەستانەوە و خۆسازماندانەوەی حیزبی دێموکرات و ڕێبەرایەتییەکەی بە خاڵێکی گرینگ ناو برد کە ئەو حیزبە هەموو جارێ بە هێز و گوڕ و تینێکی تازەوە لە مەیداندا ماوەتەوە و خەڵکی بۆ درێژەدان بەخەبات و بەربەرەکانی دژی داگیرکەرانی کوردستان هان داوە و ڕێبەرایەتیی شۆڕشی مافخوازانەی گەلەکەمانی کردووە. کاک مستەفا لە بەشێک لە وتەکانیدا، یەکیەتیی نێو ڕیزەکانی حیزب و هاوکاریی و یەکڕیزی حیزب و رێکخراوە کوردستانیەکانی بە فاکتەرێکی گرینگی سەرکەوتنی خەباتی گەلەکەمان زانی و ئامادەیی حیزبی دێموکراتی بۆ هاوخەباتی و برایەتی و یەکڕیزی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان بە ئیجابی وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە یەکیەتیی نێو ڕیزەکانی گەلەکەمان زامنی سەرکەوتنی خەباتەکەمانە. دوای باسەکەی بەڕێز سکرتێری گشتی، بەشدارانی کۆبوونەوەکە کۆمەڵیک بۆچوون و پێشنیاریان خستە بەرباس و بە ڕوحێکی شۆڕشگێڕانە و دڵسۆزانەوە ئامادەیی خۆیان بۆ تێکۆشانی زیاتر و بێوچان دەربڕی و، دواتر سکرتێری گشتیی حیزب ڕاوبۆچوونی خۆی لەسەر پێشنیاری بەشداران دەربڕی و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.