کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاوپێکەوتنی بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوید، لەگەڵ ئەندامانی پارلەمانی ئەو وڵاتە

16:53 - 17 خەزەڵوەر 2718

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٧ی نۆڤامبری ٢٠١٨ی زایینی، ئارێز ڕەمەزانی ئەندامی کۆمیتەی گشتی و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید، بە پێی کاتێکی لە پێشدا دیاری کراو، سەردانی پارلەمانی سویدی کرد و لەگەڵ ئەندامانی پارلەمانی ئەو وڵاتە لە سەر لیستی " پارتی سویدییە دێموکراتەکان " دیداری کرد. لەو چاوپێکەوتنەدا هەر یەکە لە بەڕێزان " مارکوس ویچێل، سارا سێپێلە و لارش ئاندرسۆن" ئامادەی بوون، بەڕێز ڕەمەزانی باسێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە سیاسەتی تێرۆریستیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها دەستدرێژییەکانی بۆ سەر سەروەری خاکی وڵاتانی دەراوسێ و ئاژاوە نانەوە لە هەموو جیهان و هەناردە و هاریکاری تێرۆریست پێشکەش کرد. بەڕپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سوید، بە ئاماژەدان، ئەشکەنجە و ئێعدامی جیابیران لە ئێران، باسی لە سەرکوتی سیستێماتیکی گەلی کورد بە درێژایی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ڕەشی ئەو حکومەتە لە ئێراندا کرد. کوشتنی کۆڵبەران، هەڵاواردنی ژنان و کچان و بەرتەسک کردنەوەی ئازادییەکان لە لایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیسلامییەوە بەشێکی دیکەی باسەکانی ئەو دیدارە بوون. ئارێز ڕەمەزانی باسی لە دوایین هێرشی سپای پاسدارانی ئێران بە موشەکی دورهاوێژ، بۆ سەر بنکەی دەفتەری سیاسی و قەڵای دیموکرات لە شاری کۆیە و لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان کرد، کە لە ئەنجامدا پۆلێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب شەهید و بریندار بوون. ئارێز ڕەمەزانی داوای لە ئەندامانی پارلەمانی سوید کرد کە دژ بە سیاسەتی کوشت و بڕی حکومەتی ئیسلامیی ئێران هەڵوێست بگرن و، لەڕێگای خۆیانەوە هاواری مەزڵوومییەتی و ئازادی خوازی گەلی کورد بگەیەننە دامودەزگا و دەسەڵاتدارانی حیزبەکەیان و حکومەتی سوید. لە کۆتایی ئەو چاوپێکەوتنەدا نوێنەرانی پارتی سویدییە دێموکراتەکان خۆشحاڵی خۆیان لەو چاوپێکەوتنە دەربڕی و داوایان کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک لا درێژەی هەبێ.