کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پرسەی خاتوو مریەم قازی‌دا

16:59 - 23 خەزەڵوەر 2718

هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پرسەی خاتوو مریەم قازی لە شاری هەولێر بەشداریی کرد. ڕۆژی سێشەممە، 22ی خەزەڵوەر لە هۆڵی "مێهدی خۆشناو"ی یەکیەتیی نووسەرانی کورد ڕێوڕەسمێک بۆ ڕێزلێنان لە یاد و بیرەوەریی خاتوو مریەم قازی بەڕێوەچوو. لەو ڕێوڕەسمەدا کە بەشداریی دەیان کەس لە نووسەران و ئەدیبان و کەسایەتییە ئاکادیمی و سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، ڕێز لە تەمەنێک خزمەتەکانی خاتوو مریەم قازی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسی و ئەدەبی و مەدەنیدا نرا. لەو ڕێوڕەسمەدا هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە و کاک جەلیل گادانی بە هاوڕێیەتی شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزب لە هەولێر بەشدار بوون و لە نیزیکەوە پەیامی هاوخەمیی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان بە بنەماڵەی کۆچکردوو مریەم قازی ڕاگەیاند. مریەم قازی چیرۆکنووس و ڕەخنەگر و چالاکی بواری مافی ژنان، رۆژی دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەر بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد. ئەو خاتوونە لێهاتوویە یەکێک لە چالاکانی بواری فەرهەنگ و ئەدەبیی کوردستان بوو، و هاوکات لە گەڵ نووسینی چیرۆک و بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی ئەدەبی لە شاری مەهاباد، یەکێک لە ژنانی هەڵسووڕی کۆمەڵگەی کوردستان بوو.