کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغی کوردانی نیشتەجێی تاران بە بۆنەی شەهیدانی قەڵای دێموکرات

20:19 - 23 خەزەڵوەر 2718

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چل رۆژ بەسەر کارەساتی هێرشی هەوایی سپای پاسداران بۆسەر قەڵای دێموکرات و شەهید و برینداربوونی پۆلێک ڕێبەری وکادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پشتیوانی و وەفاداریی نواندنی خەڵکی بەپەرۆشی کورد لەوبارەوە بەردەوامە. بە پێی هەواڵێک کە لەشاری تارانەوە بەدەستمان گەیشتووە، بەشێک لە تێکۆشەرانی کوردی نیشتەجێی پایەتەختی ئێران و سەر بەڕێکخستنە نهێنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رۆژی سێزدەی خەزەڵوەر کە ڕێکەوتە لەگەڵ ساڵرۆژی هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەی ئامریکا لە تاران، لەو رۆژەدا بە چالاکیی تەبلیغی خۆیان، وێڕای ڕێزگرتن لەسەرجەم شەهیدانی ١٧ی خەرمانان، سەرەرۆیی و هێرشی تیرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانی ئەو ڕێژیمەیان مەحکووم کرد. لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو چالاکییە‌دا رایانگەیاند؛ کە قەڵای دێموکرات لەدڵی دڵسۆرانی و نیشتمانپەروەرانی کورد دایەو، بە هیچ هێرشێک نارووخێت. شیاوی باسە دۆستان و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری خۆشەویستی کرماشانیش چالاکییەکی هاوشێوەیان بەڕێوەبردو لەو رێگایەوە وەفاداریی خۆیانیان بە ڕێباز و ئامانجی شەهیدان دووپات کردەوە.