کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری وەڤدی بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان لە دەفتەری حیزب لە هەولێر

13:44 - 24 خەزەڵوەر 2718

لە درێژەی سەردانی حیزب و لایەنەکانی هەرچوارپارچەی کوردستان لە بنکە و بارەگاکانی حیزبمان، حیزبی دیمۆکراتی کوردستان، وەڤدێکی بزووتنەوەی دێمۆکراتی گەلی کوردستانی سەردانی نوێنەرایتیی حیزبیان لە هەولێر کرد. ڕۆژی چوارشەممە 23ی خەزەڵوەری 1397 هەتاویی بەرامبەر بە 14ی نۆڤامبێری 2018 کاتژمێر ١٠ی بەیانی وەڤدێکی بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان بە سەرپەرستی بەڕێز "هاوڕێ خدر ڕووسی" سەردانی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە هەولێر کرد و لە لایەن بەڕێزان خالید وەنەوشە لێپرسراوی پێوەندییەکان لە هەولێر و ئامانج زیبایی کادری پێوەندییەکان پێشوازیان لێ کرا. لەو دانیشتنەدا وێڕای بە خێرهاتنی میوانەکان کۆمەڵێک باس و بابەتی پێوەندیدار بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستان و دۆخی ئێستای ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارتێکەری هێزە دەستەڵاتدارەکان لە ناوچە و لە سەر ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ئارادایە، هاتە بەر باس و گفتووگۆ. هەر دوولا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە نەتەوەی کورد بە یەکگرتوویی و هەماهەنگی دەتوانێ ڕۆڵی کاریگەری لە سەر ئەم بارودۆخەی ئێستا هەبێت و تەنیا یەکگرتووییە دەتوانێ نەتەوەکەمان بە ئامانجەکانی بگەیێنێ. وەڤدی میوان وێڕای دووبارەکردنەوەی هاوخەمی خۆیان بۆ مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧هەتاوی و شەهید و برینداربوونی دەیان تێکۆشەری حیزبی دێموکڕات، دووپاتیان کردەوە کە ئەو زەبرە هەرچەند زۆر کوشندە بوو، بەڵام لەڕاستی‌دا بەو هۆیەوە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەستانەوەیەکی بە خۆیەوە دیتەوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مانگرتنی سەرانسەری خۆیان لە ٢١ی خەرمانان بە رێژیمی ئێرانیان گوت کە "ئێوە نا" و ئەوە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کوردستانن کە لە دڵی ئێمەدان و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانن کە متمانەیان پێدەکەین و پشتیان دەگرین.