کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەچوونی سیمیناری ۲٥ی نوامبر رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژ بە ژنان لە شاری ستۆکهۆڵم

04:47 - 29 خەزەڵوەر 2718

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد لە درێژەی کار و چالاکیەکانی خۆیدا ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱۷ ی نۆامبر سێمینارکی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان پێکهێنا. سەرەتای بەرنامەکە بە گۆرانی لایە لایە بە دەنگە بەسۆزەکەی هونەرمەند ئامانج ئازەرمی دەستی پێکرد. پاشان بەڕێوەبەری بەرنامە هاوڕێ کیژان کەریمی دوای ڕاگەیاندنی ساتێک بێدەنگی ، بەخێرهاتنی کۆرگێران و میوانەکانی کرد وئامانجی گرتنی سیمینارەکەی بۆ بەشداران باس کرد. یەکەم بەشی بەرنامەکە بە پەیامێکی هاوڕێ شۆعلە قادری ، بەرپرسی پێشووی یەکیەتی ژنانی دێموکرات لە سوئێد دەستی پێکرد. خاتوو شوعلە قادری لە پەیامەکەی دا باسی لە کەسایەتی شەهیدان سۆهەیلا قادری و نەسرین حەداد و ڕۆلی ئەو دوو ژنە لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کرد. خاتوو شوعلە هەروەها جەختی لەسەر بەردەوام بوون و تێکۆشانی هەمەلایەنە بۆ بەرەو پێشبردنی خەباتی یەکسانیخوازی کردەوە. شاعێری بە توانا کاک حەمید شەریفی بە دوو هۆنراوەی جوان و پر مانا بەشداری سێمینارەکەی کرد. بڕگەی یەکەمی سیمینارەکە بۆ بەڕێز دێڤین رێکسڤید، ڵێکۆلەر لە بواری چەمکی شەرەف و ناموس لە زانکۆی ئومییۆ لە وڵاتی سوئێد تەرخان کرابوو. بەرێز دێڤین باسێکی زانستیانە و چڕی لەسەر پیاوەتی و توندووتیژی نامووسی لە کۆمەڵگا دا کرد. بەڕێز ڕێکسڤید توندووتیژی نامووسی وەکوو ئەژدیهایەکی پێنچ سەری پێکهاتوو لە: هاوسەرگیری زۆرەملی، دەنگۆ، حیجابی ئیجباری، کەمئەندامکردنی ژن (خەتەنە) و پاوانخوازی پێناسەکرد. هەروها وێناکردنی پیاوان وەکوو تاوانبارێکی قوربانی دەستی توندووتیژی و هۆیەکانی توشبوون بەو هەڵسوکەوتانە و پەروەردەی هەڵە، بەشێکی دیکە لە باسی بەڕێز ڕێکسڤید بوون. بەشی دووهەمی سیمینارەکە بە باسێک لەسەر توندووتیژی بۆ سەر منداڵان وکێشەکانی بنەماڵە لەلایەن دەروونناس سۆما ئەمین دەستی پێکرد. خاتوو سۆما ئەمین باسی لەسەر جیاوازیەکانی پەروەردەی بنەماڵەی کورد ڵەگەڵ بنەماڵەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە لە بنەماڵە غەربیەکان ماف و تواناکانی تاک زۆر گرینگی پێدەدرێ لە ڕوانگەی خاتوو سۆما ئەمینەوە بنەماڵە کوردەکان زیاتر گرینگی بە کولتور و داب نەرینت بنەماڵە دەدەن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خواستی تاک زۆر جار لە بنەماڵە و کۆمەڵگا دا وەپشت گوێ بخرێ و تەنانەت مافیشی بخورێ. بەڕێز سۆما ئەمین پەروەردەی بنەماڵە و هەبوونی توندوتیژی گرێداوە بەو کێشانەی کە مرۆڤ تووشی دەبێ بۆ نموونە نەبوونی باوەڕبەخۆبوون، دووبارەکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بەکەسانی دەورووبەر، توشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، خەمۆکی و هەروەها زۆر کێشەی دیکە. بەشی کۆتای سێمینارەکە تەرخانکرابوو بۆ پرسیاری بەشداربوان و لەو بەشەشدا کۆمەلێک لە بەشداربووان بە دەربڕینی بیروڕای خۆیان و چەندین پرسیاری جۆراوجۆر باسەکانیان دەوڵەمەندتر کرد و بەڕێزان سۆما ئەمین و دێڤین ڕێکسڤید بە وردی سرنجەکانی خۆیان بۆ بەشداران باس کرد. ئەم سیمینارە دوای چوار کاتژمێر باسی چڕوپڕ کۆتایی پێهات .