کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک بە بۆنەی ڕۆژی"ئاڵا و پێشمەرگەی کورستان" لە قەڵای دێموکرات

16:47 - 25 سەرماوەز 2718

لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی ڕێزگرتن لە دوو هێمای نەتەوەیی" ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان" سمینارێک لەو پێوەندییە‌دا بۆ کاک سمایل بازیار کادری لێهاتووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مامۆستای مێژووی هاوچەرخ، لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک‌هات. سەرەتای سمینارەکە پێشکەشکار حەسەن شێخانی کورتەیەکی لە سەر رۆژی پێشمەرگەو ٢٦ ی سەرماوەز پێشکەش کرد. پاشان مامۆستا سمایل بازیار وێڕای پێرۆزبایی کردنی ئەو بۆنە نەتەوەییە، بابەتەکەی خۆی لە ژێر ناوی"ڕۆژی گەش‌بینی بە داهاتووی خەباتی شوناسخوازیی نەتەوەی کورد" بە ئامادەبوان ناساند و بە وردی لەسەر ناوەرۆکی بابەتەکەی بۆ بەشداران دوا. مامۆستا سمایل بازیار لە دەسپێکەوە بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی ١٠٠ ساڵەی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە پاش سەد ساڵ، کورد بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان سەرکەوتوو بووە و داگیرکەرانیش لە ستراتێژی خۆیاندا لە هەمبەر گەلی کورد شکستیان هێناوە. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە چاو خشاندنێک بە مێژووی خەباتی گەلی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستان دەسکەوت و خەسارەکانی شی‌کردەوەو پاشان بە وردی سەرنجی دایە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و مێژووی خەباتی گەلی کورد لەو پارچەیە‌. مامۆستا بازیار بۆ ئەوەی سەبارەت بە مێژووی خەباتی شوناسخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بەرچاو ڕوونی بە بەشداران ببەخشێ، ئاوڕێکی کورتی لە ناسیونالیزمی ئێرانی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم دایەوە و کاریگەریی ئەو ناسیونالیزمەی لە ئێران و نەتەوەی باڵادەست بۆ سەر گەلانی دیکەی نێو جوغرافیای ئێران بەتایبەتی گەلی کورد هێنایە بەرباس و لێلکدانەوە و هەڵسەنگاندن. ناوبراو لەو پێوەندییەدا گوتی: پرۆسەی نەتەوەسازی واتە"نەتەوەی ئێران"دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕەزا شا، لە سەر بنەمای یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک کلتوور دەستیپێکرد و بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو نەتەوەکانی دیکە کلتوورەکانی دیکە و زمانەکانی دیکە، لە نەتەوەو زمان و کلتووری فارسیدا ئاسمیلە بن. بەم شێوە پرۆسەی نەتەوەسازی لە ئێراندا بە شێوازێکی غەیرە دێموکراتیک و لە ڕێگای زۆر و زەبر و داسەپاندن بە دوور لە ویست و ئیرادەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەستی‌پێکرد. مامۆستا سمایل بازیار لە درێژەی بابەتەکەیدا سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ئێران بۆ ئامادەبوان باس‌کرد و لەو بارەوە گوتی: ناسیونالیزمی کوردیش پەرچە کرداری هەبوو و بەرانبەر بە ناسیۆنالیزمی ئێرانی کە ناسیۆنالیزمێکی هێرشبەر بوو فۆرمی گرت و بەگژ ئەو ناسیۆنالیزمە هێرش بەردەدا چۆوەو بە چالشی کێشا. کۆڕگێڕ لە درێژەی باسکردن لە سەر خەباتی شوناسیخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی نێو جوغرافیای ئێران و ڕەهەند و شێوازەکانی بەم جۆرە پۆلێنبەندی کرد کە بریتین لە: خەباتی چەکدارانە، نافەرمانی مەدەنی، خوڵقاندنی هونەر و ئەدەبیاتی نەتەوەیی و چالاکیی مەدەنی. بەڕێزیان لەسەر هەرکام لەو شێوازە خەباتەی گەلی کورد هەڵوەستەی کرد و بە وردی دەسکەوتەکان و پێویستییەکانی لەو بارەوە بۆ ئامادەبووان باس کرد. ناوبراو گوتی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا تا کوو ئێستا هیچ کام لە دەسەڵاتدارەکان هەرگیز بە جیددی لە ڕێگەی گفتگۆ و دیالۆگەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاویان هەڵنەگرتوە، بەڵکوو ڕێگای نیزامی، میلیتاریزە کردن، تیرۆر، ئێعدام و زیندان و دوور خستنەوەیان گرتۆتەبەر. مامۆستا بازیار بە باسکردن لە دۆخی هەنووکەیی کورد لە ئێران باسی لە پەرەسەندنی هەستی شوناسخوازانە لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کرد و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە داگیرکەرانی کوردستان و بەتایبەتی ستراتێژی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر گەلی کورد شکستی خواردوە و لە ڕوانگەی خەسارناسیشەوە قامکی لەسەر کەموکوڕییەکانی بزاڤی کورد لەو بەشە دانا. پێویستە بگوترێ هەر لەو سمینارەدا پۆلێکی دیکە لە کادر و پێشمەرگە دێرینەکانی حیزب کە تەمەنێکیان لە پێناوی ئازادی و سەرخەستنی گەلەکەیاندا بەخشیوە، لەلایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان خەڵات کران و لەوحی ڕێزلینان لە لایەن کاک مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە بەخشرایە ئەو پۆلە پێشمەرگە خۆنەویستانەی گەلەکەمان.