کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەزل ڕەحمان خادم؛ هەموو کردەوە تیرۆریستییەکان کە لە ئەفغانستان ڕوو ئەدا، دەستی ئێرانی تێدایە

16:35 - 9 بەفرانبار 2718

بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمنی ئەفغانستان هەموو کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەو وڵاتە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێن " فەزل ڕەحمان خادم" بەڕێوەبەریی دەزگای " بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم" و فەرماندەی پۆلیسی "هەرات" ڕۆژی شەممە ٨ی بەفرانبار ڕایگەیاند کە هەموو کردەوە تێرۆریستییە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان لە ویلایەتی هەرات لە لایەن سپای پاسدارانەوە ئەنجام دەدرێن. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی " کهندژی ئەفغانستان" ، ناوبراو "مەحموود ئەفخەمی ڕەشیدی" سەرکۆنسۆلی ئێرانی لە هەرات بە ڕێکخەری ئەو تێرۆرانە تۆمەتبار کردووە و دەڵێ ئەو بەڵگە و دێکۆمێنتانەی کە لەبەر دەستمان دان، بە تەوای دەریدەخا کە جێبەجێکاری ئەو کردەوە تێرۆریستیانە لە لایەن سپای پاسدارانەوە ئەنجام دراون. بەڕێوەبەریی فەرماندەهی هەرات ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەو کردەوە تێرۆریستیانەی کە لە لایەن سەرکۆنسۆلی ئێران لە هەرات و سپای پاسداران لە و شارە ئەنجام دراون، سکاڵای خۆی دەداتە دەوڵەتی ئەفغانستان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دادگای لاهەش ئاگادار دەکاتەوە. شایانی باسە کە هەر چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاشکرا باسیان لە پێوەندییەکانیان لە گەڵ سەرانی تاڵبان کرد و ڕایانگەیاند کە ئەو دانیشتن و کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن. لە گەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیم باسیان لەوە کرد کە دەوڵەتی ئەفغانستان لەو دانیشتنانە ئاگادارە بەڵام سیاسەتی فێڵبازانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەموو لایەک ڕوونە و دەیهەوێ لە ژێر پەردەی هاوکاریی لە گەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان، بەرنامە و پرۆژەکانی خۆی لەو وڵاتە بە هۆی گرووپە تێرۆریستیەکانەوە جێبەجێ بکا و ئامانجە زێدەخوایی و ئاژاوەگێڕیەکانی لە ناوچەکەدا پەرەپێ‌ بدا.