کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خراپیی دۆخی قوتابخانە کان و هەبوونی ١٤ قوتابخانەی نیوەڕووخاو لە کۆیەشت

16:06 - 12 بانەمەڕ 2724

بەرپرسی پەروەردەی شاری کۆیەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان باسی لە داڕمانی شوێنە پەروەردەییەکان و هەبوونی ١٤ قوتابخانەی نیوەڕووخاو لەم شارە کرد.

ئەمین ئەمینی پوویا، لەمبارەوە وتی کە شوێنە پەروەردەییەکانی ئەم شارە ساڵانێکە داڕماون و ئیمکانات و بوودجەی پەروەردە، وڵامدەری نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان نییە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەکی یەک پۆلی ٦٠٠ هەتا ٨٠٠ میلیۆن تمەن بوودجە پێویستە و لانیکەم یەک میلیارد و ٢٠٠ میلیۆن تمەن پارە پێویستە تاکوو قوتابخانەیەکی دوو پۆلی ساز بکرێت.

بەرپرسی پەروەردەی کۆیەشت ڕایگەیاند کە ١٤ قوتابخانەی ئەم شارە خراپ و نیوەڕووخاون و دەبێ هەرچێ زووتر نۆژەن بکرێنەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، حەمیدڕەزا خان محەممەدی، بەرپرسی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە و پێداویستیی قوتابخانەکانی ئێران لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا باسی لە هەبوونی ١٠٤ هەزار پۆلی ڕووخاو و داڕماو لە سەرتاسەری ئێراندا کردبوو.