کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تڕامپ: ئێران بە هۆی سیاسەتەکانی ئەمریکاوە گۆڕاوە

21:33 - 13 بەفرانبار 2718

دۆناڵد تڕامپ سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوار شەممە ١٢ی بەفرانبار، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا لە کۆشکی سپی، لە وڵامی هەواڵنێراندا لە بابەت ڕەخنە لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریە کە دەڵێن دەبێتە هۆی بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران، گوتی: ئێران بە هۆی سیاسەتەکانی منەوە گۆڕاوە و ئێستا کێشەیەکەی زۆری هەیە. ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا گوتی: ١٩ مانگ پێش کە من هاتمە سەر کار باردۆخی ئێران جۆرێکی دیکە بوو و، ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. بە هاتنەدەری یەک لایەنە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، کۆماری ئیسلامیی ئێرانم تووشی دۆخێکی تر کردووە. ئێران خەریک بوو لە سووریە و یەمەن جێ پێی خۆی دەکردەوە، ئەو پارەی کە دەوڵەتی ئۆباما دابوویەوە بە ئێران، ببوو بە هۆی بەهێزبوونی ئێران و ئەگەر ڕێککەوتنی بەرجام درێژەی هەبا، ئێران تا ئێستا بۆمبی ئەتۆمی ساز کردبوو، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبوو بە هێزێکی گەورە و دەیانەویست ئیسرائیل وێران بکەن. تڕامپ ئاماژەی بە ئاڵۆزیەکانی نێوخۆی ئێران کرد و گوتی: هەموو ڕۆژێ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خەڵک لە ئێران دەبینین، پارەی ئێران ئەرزشی لە دەست داوە و حکوومەت بە تەواوی تووشی کێشە و گرفت بووە.