کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرفەتدان بە کۆماری ئیسلامی لە ستراتیژیی گۆڕینی ڕەفتاردا

01:14 - 23 بانەمەڕ 2724

عەلی بداغی

ڕوانینێکی سەرپێی لە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێمان دەڵێ قەیران و ناسەقامگیری و شەڕ و ئاڵۆزییەکان لەو ناوچەیە هەر دێ و زیاد دەکەن. سووریە پاش ١٣ ساڵ شەڕی نێوخۆیی بووەتە گۆڕەپانی شەڕی ڕاستەوخۆ و نیابەتیی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان لەگەڵ یەکتری. ئەفغانستان، لوبنان، یەمەن و عێڕاقیش چ لەڕووی قەیرانی سیاسیی نێوخۆیی و چ لەڕووی ئابوورییەوە دۆخێکی شپرێو و ناسەقامگیریان هەیە و شەڕی نوێی ئیسڕائیل و فەلەستینییەکانیش کە لە ساڵی ڕابردووەوە بە هێرشی حەماس دەستی پێ کردوە، ئەوەندەی دیکە دوورەدیمەنەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەهۆی سیناریۆ ناڕوونەوەکانەوە لێڵ و نادیار کردوە. خاڵی جەوهەری لە دڵی ئەو هاوکێشانەدا ئەوەیە لە هەموو ئەوانەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هۆکاری خوڵقانی دۆخ و هەلومەرجی قەیرانەکانە و، هەم لەو نائارامی و ناسەقامگیرییانە بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی خۆی کەلک وەردەگرێت.

لە نێوخۆی ئێرانێشدا کۆماری ئیسلامی بە پێکهێنانی نیزامێکی سیاسیی تەواو یەکدەست و میلیتاریستی لە بەرانبەر ویستی گۆڕانخوازیی خەڵکدا شمشێری لە ڕوو بەستووە. ئاڵقەی داخراوی دەسەڵات لە چەند دەیەی ڕابردوودا هەنگاو بە هەنگاو بە بەربڵاوکردنی کەشی داخراوی سیاسی و فەرهەنگی، بەرگرتن بە ڕکەبەری و هاوبەشیی سیاسی، ئەندازیاریکردنی هەڵبژاردنەکان بۆ لادانی خودییە غەیرەخودییەکانی  کات و ئێستایان، خالس‌سازی و تەنگکردنەوەی پتری ئاڵقەی خودییەکان لە قووچەکی دەسەڵاتدا، پێدانی دەسەڵاتی ڕەها بە ئۆڕگانە نیزامی، ئەمنییەتی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری و سەرکوتی هەرچەشنە مافخوازی و داوایەکی ڕەوای خەڵکی ناڕازیی وڵات بوونەتە هۆی ئەوەی کەلێنەکانی نێوان حاکمییەتی سیاسی و زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگە بەرفراوانتر لە هەر کاتێک ببن. تەنانەت سەرکوتی خوێناویی خەڵکی دژبەر و ناڕازی، پشتکردن لە هەموو شێوازە ڕەواکانی وەرگرتنی شەرعییەتی سیاسی و بەرێوەبەریی نێوخۆی وڵات و بردنەپێشێی سیاسەتی دەرەکیی وڵات لەسەر بنەمای قازانجە ئایدۆلۆژییەکانی تاقمێکی زۆر بچووک وای‌کردوە حاکمییەتی سیاسیی کۆماری ئیسلامی نەک وەک نیزامێکی سیاسیی داخراو و دیکتاتۆری، بەڵکوو وەک دەسەڵاتێکی مافیایی دەربکەوێت.

بابەتەکە ئەوەیە لە کاتێکدا کۆمەڵگەی جیهانی و بڕیاردەرانی سیاسیی وڵاتان زۆر باش دەزانن کۆماری ئیسلامیی ئێران ماکە و سەرچاوەی هەموو بشێوی، قەیران و ناسەقامگیرییەکانی ناوچەیە؛ هەروەها لە کاتێکدا لانیکەم لە دوو ساڵی ڕابردوودا و لەدوای بزووتنەوەی ژینا و هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمەوە هیج شک و گومانێک بۆ کەس نەماوەتەوە کە ئەو ڕێژیمە هیچ شەرعییەتێکی خەڵکی و سیاسیی نییە؛ کەچی هەتا ئێستاش کۆمەڵگەی جیهانی لە سووڕی باتڵی "گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم" لەڕێگەی "دانوستانی بنیاتنەر- وتووێژی ڕەخنەگرانە- سەپاندنی گەمارۆکان" نەترازەوە، بێ‌ئەوەی کەمترین قازانجیان لەو ستراتیژییە دەست کەوتبێت. بۆ نموونە ئەمریکا و ئورووپا گەمارۆی نەوتییان بەسەر ئێراندا سەپاند، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران چ لە ڕێگەی هەرزانفرۆشکردن و پێدانی سەتا ٩٠ی نەوتەکەی بە چین یان دەورلێدانەوەی ئەو سزایە لەڕێگەی وڵاتانی وەک مالێزی و سەنگاپوور و دەڵاڵە نێوخۆییەکانی وەک بابەک زەنجانییەکانەوە توانیویەتی تا ئاستێکی زۆر لە کاریگەریی ئەو گەمارۆیانە کەم بکاتەوە. نموونەیەکی دی سەپاندنی گەمارۆکانی شوڕای ئەمنییەت، یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا لەسەر بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامییە، کەچی بینیمان کۆماری ئیسلامی بە دەورلێدانەوەی ئەو سزایانەش هەم توانیویەتی بەرنامە ئەتومییەکەی بگەیەنێتە دوا هەنگاوی دروستکردنی بۆمب و هەم لەڕووی تێکنۆلۆژی و چەکوچۆڵی چەشنی دڕۆن و مووشەکەوە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر هەموو وڵاتانی ناوچە.

دنیای چەندجەمسەری و پێکدژیی بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە نەبوون یان لاوازبوونی میکانیزمه‌کانی هاوکاریی نێوده‌وڵه‌تی لەلایەک و لەلایەکی دیکە پشتگوێخرانی ویست و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌‌ڵک و پێکهاته‌کانی گەلان لە مامەڵەی زلهێزە جیهانییەکان لەگەڵ حاکمییەتی سیاسیی نادێمۆکراتیکی ئەو وڵاتانەدا، دەرفەتی بە نیزامە سیاسییەکانی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران داوە دەسەڵاتی خۆیان بە سەرکوت و زەبروزەنگی نێوخۆیی بەهێز بێڵنەوە. ئەوەندەش کە بۆ سەپاندنی گەمارۆکان لەدژی ڕێژیم دەگەڕێتەوە، سزا و گەمارۆکان ڕێگر نەبوون لەوەی کۆماری ئیسلامی نەتوانێ بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی بەئاکام بگەیەنێ و بگرە قورسایی و زیانەکانی زیاتر لەسەر شانی خەڵکی وڵات بووە، ئەگەرچی ئەمە بەرپرسایەتیی ئەو دۆخە لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی داناڕنێت.

قووڵبوونەوەی قەیرانەکان و دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو خۆشبینییەی دروست کردبوو کە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیار لە جیهاندا پێداچوونەوە بە سیاسەت و ڕەفتارەکانی هەتا ئێستای خۆیاندا بکەن و چیتر ئامرازەکانی گوشاریان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە سەپاندنی گەمارۆکاندا سنووردار نەکەن. لە دوو دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران جۆرەها سزا و گەمارۆی لەسەر بووە، وەک دەستبەسەرداگرتن و بلۆکەکردنی دارایی، گەمارۆخستنەسەر پیشەسازیی نەوت و گاز، ڕێگری لە کڕین و فرۆشتن و ساتوسەودای ئابووری، گەمارۆکانی پێوەندیدار بە چەکوچۆڵ و تێکنۆلۆژیی مووشەکی، قەدەغەکردنی سەفەری کاربەدەستان بۆ وڵاتان و جۆرەها سزای دی. بەڵام دوای هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسڕائیل کە دەکرا خاڵی وەرچەرخان لەو ستراتیژییە بووبا، دیسان دەبینین ئەمریکا، بریتانیا، وڵاتانی یەکیەتیی و ئورووپا و کانادا پێکەوە و بەجیا گەمارۆ و سزای نوێی دیکە بەسەر کۆماری ئیسلامیدا دەسەپێننەوە. خۆ ڕاستە دوو دەیە گەمارۆ و سزادان کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا تەریک خستووەتەوە، بەڵام هەروەک گوترا نەیتوانیوە نە ڕەفتار و سیاسەتەکانی ڕێژیم لەهەمبەر خەڵکی نێوخۆ و کۆمەڵگەی جیهانی بگۆڕێت و نە لە وەستاندنی بەرنامە ئەتومی و مووشەکییەکانی ڕێژیم و ئەجێندای میلیشیاسازی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەدا سەرکەوتوو بێت.

جا بە سەرنجدان بەوەی کۆماری ئیسلامی لە نیوخۆی وڵاتدا خەڵک و لە دەرەوەی سنوورەکانیدا ئەمنییەت و سەقامگیریی ناوچەی بەبارمتە گرتوە، کاتی ئەوە گەیوەتێ کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕێژیمدا چیی دی دیکه ته‌نیا خۆی بە په‌روه‌نده‌ ئه‌منیه‌‌تییه‌کانی وه‌ک بەرجام و بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیم سەرقاڵ نەکات کە هەتا ئێستا ستراتیژییەکی ناکام بووە. کۆمەڵگەی جیهانی بە خستنەبەرچاوی ئەو ڕاستییەی کە هەتا ئەو ڕێژیمە لە دەسەڵاتدا بێت نە ئێران و نە ناوچە ئارامی و سەقامگیری بە خۆیانەوە نابینن، پێویستە پێداچوونەوەی بنەڕەتی بە جۆری مامەڵەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بکات، ئەویش کۆتایی‌هێنان بە ستراتیژیی گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم و لاکردنەوە و پشتیوانیی جدی و بەکردەوە لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران بۆ تێپەڕین لەو ڕێژیمە و ڕووخاندنی، و هێنانەسەرکاری نیزامێکی سیاسیی دێموکرات و حاواوە لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانی.