کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرکوتکارییەکی تاقیکراوەی بێ‌ئاکام

13:04 - 24 بانەمەڕ 2724

سمایل شەرەفی

شەپۆلێکی دیکە لە گرتن و ڕاوەدوونان و دادگاییکردنی بێ‌یاسایی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێ کردوە.  لە ماوەی یەک دوو حەوتووی ڕابردوودا و بۆ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای هێزە سەرکوتکەرەکانی خۆیەوە شەپۆلێکی دیکە لە فشارهێنان بۆ خەڵکی کوردستانی ساز کردوە و بە بیانووی جۆراوجۆری بێ‌بنەما، ڕۆژانە خەریکی دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنیی کۆردستانن. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی خەڵک لەسەر کارەکانیان، لە ماڵەوە و لەسەر شەقامەکان دەستبەسەر دەکەن و ڕەوانەی گرتووخانەکانیان دەکەن و بەبێ‌ ئەوەی مافی داکۆکیکردن لە خۆیان پێ بدرێت یان مافی وەکیل‌گرتنیان هەبێت، حوکمی قورس و ناڕەوایان بەسەردا دەسەپێنن.

بەپێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویان کردۆتەوە و بە میدیاکانی حیزبی دێموکرات و ناوەندی تەشکیلاتی ئەم حیزبە گەیشتوون. هەر تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ گرتن و دەستبەسەرکردنی چەند کەس لە خەڵکی شارەکانی بۆکان، سایین‌قەڵا، شنۆ و تیکاب، نزیک بە ١٠ کەس لە زیندانییانی کورد بەبێ ئەوەی ڕەوتی یاسایی پەروەندەکانیان و پێڕاگەیشتن بەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان، بپێون، حوکمی قورس و ناڕەوایان بەسەردا سەپێندراوە. زۆربەی گیراوەکان بەبێ ئاگاداریی پێشوو و بەبێ مۆڵەتی یاسایی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە هەڵکوتراوەتە سەریان و قۆڵبەس و ڕەوانەی شوێنی نادیار کراون. لە بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان‌دا دەرکەوتوە کە زۆربەی نزیک بە تەواوی گیراوەکان بە بێ‌ئەوەی دادگا یان هەر شوێنێکی دیکەی یاسایی لێی ئاگادار بێت و حوکمی دەستبەسەرکردنیان دابێت، لە گۆترە و بە بڕیاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەستبەسەر کراون.

ئەم ڕەوتە لە گرتن و سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کوردستان و جۆری ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ناوەندە ئەمنیەتییە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەرخەری ترسی کۆماری ئیسلامی لە چارەنووسی نادیاری خۆیەتی. چارەنووسێک کە لەلایەک بە هۆی ئەو قەیرانە سیاسی  و  ئابووری و ئەمنیئەتییانەوە کە بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی خۆیەوە تووشی بووە و لایەکی دیکەوە بە هۆی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێرانەوە، ڕوو لە فەوتان و لەنێوچوونە. کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە  دۆخ و هەلومەرجی نالەبار و نادڵخوازی خۆیان لە ئاستی نێوخۆی و ناوچەیی و نێونەتەوەیی‌دا بەباشی دەرک پێ دەکەن، ترس و دڵەڕاوکیی خۆیشیان لە ڕەفتار و هەڵوێستی ڕۆژانەی خەڵک کە نیشان لە بوونی بزووتنەوەیەکی مافخوزانەی بەرهەڵستاریی خەڵکە، ناتوانن بشارنەوە.

سەرکوتی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد لە کوردستانی ئێران و گوشاری ڕۆژانەی جۆراوجۆری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆ سەر کۆمەڵگەی کوردستان کە بێ‌گومان لە شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانیش بەردەوامە و کۆمەڵگە بەگشتی لەژێر فەزایەکی پۆلیسی‌ دایە، ئەگەر لەلایەک ترس لە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێرانە کە دوای بزووتنەوەی ژینا چەندین هەنگاوی بەرەوپێش بۆ تێپەڕین لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ناوە، لە لایەکی دیکەشەوە نیشانەی ئەو پەڕی شپرزەیی دۆخی خودی کۆماری ئیسلامی‌یە. ڕێژیمێک کە نەتەنیا لە بوارەکانی ئابووری، ئەمنیەتی و سیاسی‌یەوە تووشی دەیان قەیرانی جۆراوجۆر بووە و توانای چارەسەرکردنیشیانی نیە، بەڵکوو لە بواری گوتار و ئیدئۆلۆژیکیشەوە بە جۆرێک تووشی داڕمان و پووکانەوە هاتووە کە تەنانەت، توانا و زەرفییەتی ڕاگرتنی هێزە وەفادارەکانی دوێنێی خۆیشی نەماوە.

سەرکوتی بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلانی ئێران کە ڕێژیم بە هەموو هێزیەوە هەوڵی بۆ دەدات و لێی بەردەوامە، نەتەنیا نیشانەی هێز و "ئێقتدار" نییە، بەڵکوو ڕاست بە مانای ترسەنۆکی و لەرزۆکییەتی. سەرکوتی ژنان لە سەر شەقامەکان بە بیانووی نەبوونی حیجاب و باڵاپۆشی، ئەگەر ترس لە خەساربوونی ئیدئۆلۆژییە ویشکە مەزهەبییەکەی نەبێت کە بە لابردنی حیجابی زۆرەملی درز و لەرزی تێ‌دەکەوێ، دەتوانێ چ شتێکی دیکە بێت؟ دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە گوایا دەستیان لە وەڕێخستنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی کوردستاندا هەبووە، ئەگەر ترس لە گەشەی هەستی نەتەوەیی و مافخوازی لە کوردستان و شکستی سیاسەتی دژیگەلیانەی ئەم ڕێژیمە دەرحەق بە ویستی ڕەوای ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان نەبێ، دەتوانی چ تەعبیرێکی دیکەی لێ بکرێ؟ ئەگەر گرتنی کەسایەتییە ئاکادمییەکانی وەک عەلیرەزا نووریزادە لە تاران و حەبسکردنیان لە بەندیخانەکان، ترس لە بەتاڵبوونەوەی گوتار و تێڕوانینە کۆنەپەرەستەکانی ئەم ڕێژیمە نەبێ، چۆن دەبێ ئەم ڕێژیمە کە ئیدیعای "بوونی ئازادی" لە پێکهاتەی خۆی و وڵات‌دا دەکات، قەڵەم و زاری ڕەخنەگران کپ بکات؟!

ئەزموونی بزووتنەوەی ژینا و ڕەفتارە جەماوەرییەکانی دیکەی وەک بایکۆتی دوایین هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە ١١ی ڕەشەممەی ڕابردوو و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵی کوردستان و بەرەنگاریی ژنانی ئێران لە سەر شەقامەکان و بێ‌دەنگ‌نەبوونی چالاکانی سیاسی و کەسانی ئاکادمیک و زانکۆیی بەرانبەر بە ڕیژیم و بەردەوامیی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە لە ناڕەزایەتی‌دەربڕین، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە، ئەم سەرکوتکارییانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهیچ شێوەیەک نە دەتوانێ پاشەکشە بە بزووتنەوەی بەرینی مافخوازانەی گەلانی ئێران بکات و نە هیچ دەسکەوتێکی دڵخوازی بۆ ڕێژیم لێ دەکەوێتەوە.