کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شکۆی "قەڵا" و قەڵافەتی "شار"

19:13 - 29 رەشەمه 2718

(بیرهێنانەوەی سووتمانەکەی مەریوان و ڕێفراندۆمەکەی 21ی خەرمانان) ساڵێ کە ڕابرد بۆ کورد لە ئێران هەم موسیبەتی تێدابوو، هەم پیشاندنی شان و شکۆ. هەم پڕ بوو لە دیمەنی ناخهەژێنی فرمێسکی کچە شەهید و، هەم تەژی لە تابڵۆی قاقای پێکەنین بە زەبوونیی دژ و دوژمنانی ئەم گەلە. لەم ساڵەشدا چەندین ڕووداوی مێژوویی ڕوویان دا کە هەر کامەو لە جێی خۆیدا جێگەی تایبەتییان لە بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنیی گەلەکەمان لە کوردستاندا هەیەکە دەکرێ خوێندنەوە و تەتەڵەی جۆراوجۆر و فرەڕەهەندیان لەسەر بکرێ. ئەم ڕووداوانە بەداخەوە وەکوو زۆربەی ڕووداوەکانی پێشتر دووانەیەک بوون لە چیرۆکی کارەسات و لە حەماسەی بەرگری. سووتانی گوماناویی چوار ژینگەپارێزی مەریوانی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانێکی ئەو ناوچەیە کە گومان لە دەستی ئەنقەستی سپای پاسداران لە خولقاندنی کارەساتەکەدا هەیە و دواتر هەڵوێستی خەڵکی شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان و مەریوان بە تایبەتی لە کاردانەوە بەم تڕاژیدییە، یەکێک لەو ڕووداوانەیە کە لە مێژووی گەلەکەماندا جێگای تایبەتیی خۆی هەیە. بەشداریی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە بەڕێکردنی تەرمی ئەو شەهیدانە بۆ گۆڕستانی مەریوان و دواتر بەڕێوەچوونی کۆڕی پرسە و ڕێزلێنان لەو چوار شەهیدە لە زۆربەی شارەکانی کوردستان لەو دیمەنانەن کە دەربڕی گەشەی شعووری نەتەوەیی، باوەڕی خۆبەخاوەنکردن و هەستی بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە لە ئاست ڕۆڵە خەمخۆر و چالاکەکانی لە پاراستنی نیشتماندا. کارەساتی ١٧ی خەرمانان واتە مووشەکباران کردنی قەڵای دێموکرات و شوێنی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمیتە ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە شازدە شەهیدی لێ کەوتەوە و لە سێدارەدانی چەندین زیندانیی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ڕووداوێکی دیکەی لەم چەشنە بوو کە سەرەتا کۆست بوو، بەڵام دواجار شکۆی بەدوای خۆیدا هێنا. دیارە ئەگەرچی لە ماوەی ئەم چل ساڵە لە دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە یەکەم جار نییە کە تێکۆشەرانی کورد بکەونە بەر پەلاماری تێرۆریستیی ئەم ڕێژیمە و لەم سۆنگەیەوە زەبریان بەر کەوێ، بەڵام کارەساتی ١٧ی خەرمانان یەکێک لەو دەگمەن ڕووداوانەیە کە دەکرێ بڵێین لە مێژووی بزووتنەوەی کورد و تەنانەت ناوچەشدا گرینگ، بێوێنە و باسهەڵگرە. بێوێنە لەم بارەوە کە ئەوە یەکەم جار و لەو دەگمەن حاڵەتانەیە کە ڕێژیمێک لەم ناوچەیە و بگرە لە جیهانیشدا سەرکردایەتیی حیزبێکی ئۆپۆزیسیونی خۆی بە مووشەکی دوورهاوێژ ئەویش لەنێو خاکی وڵاتێکی دیکەدا بکاتە ئامانج. هەروەها ئەوە یەکەم جارە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر بە ڕووهەڵماڵاوی بەرپرسایەتیی ئەو پەلامارە دەگرێتە ئەستۆ و ڕاشکاوانە دەڵێ کە ئامانجمان لەو پەلامارە لە نێوبردنی سەرکردایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو. ئەگەرچی ئەو تاوانە تیرۆریستییە زەربەیەکی قورس بوو کە وە حیزبی دیموکراتی کوردستان کەوت و شەش ئەندامی بەوەجی رێبەری و، هەشت کادر و پێشمەرگەی لێهاتووی ئەم حیزبەی لە بزووتنەوەی کورد ستاند، بەڵام ئەوە هەر حیزبی دیموکرات بوو کە توانیی سەرەڕای هەڵگرتنی ئەو برینە قورسە لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ و بۆ تاقە یەک ڕۆژیش لە کار و تێکۆشان نەوەستێ. ئەم کارەساتە هەر برینێک نەبوو کە حیزب هەڵیگرێ، بەڵام نیشتمانێکی زامدار کردبوو. هەر چوار ڕۆژ دوای ئەم تاوانەی ڕێژیم ئەوە خەڵک و بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان بوون کە لە هەڵوێستێکی ئازایانەدا ڕۆژێکی پڕسەروەریی دیکەیان خستە سەر پاشخانی مێژووی سیاسیی گەلەکەمان. ٢١ی خەرمانان و مانگرتنی بەربڵاوی خەڵکی کوردستان هەر بۆ ڕیسواکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران و پشتیوانی لە حیزب و ڕۆڵە خەباتکارەکانی خۆیان نەبوو، بەڵکوو بەولاوەتر ڕێفراندۆمێک بوو تا بە هەمووان بڵێ کوردستان کوێیە و خاوەنی کێن! بەڵێ ٢١ی خەرمانان تەنیا ڕۆژێک و مانگرتنێکی سادە نەبوو، بەڵکوو زۆرانێکی زۆر جیددیی نێوان بزووتنەوەی کورد و کۆماری ئیسلامی لە ئێران بوو، کە دیار بوو دواتر کامیان براوەن! چل ساڵە کۆماری ئیسلامی بۆ کەلێن خستنە نێوان خەڵک و حیزبەکان و هەروەها شکان و بەچۆکداهێنانی بزووتنەوەی کوردستان هەرچی لە دەستی هاتووە کردوویەتی. لە هەوڵە هەمەلایەنەکانی بۆ دەرپەڕاندنی سەرکردایەتیی حیزبەکان لە کوردستان بگرە هەتا تیرۆر و ڕەشەکوژیی ڕێبەران و کادر و پێشمەرگەکانی کوردستان، کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە کە حیزبەکان لە خەڵکی کوردستان داببڕێ و بە دنیای دەوروبەر و دەرەوەش بڵێ کە شتێک بە ناوی پرسی کورد لە ئێراندا نییە. هەڵبەت لەو ململانێیە چل ساڵەدا دۆڕاوی ئەو مەیدانە هەر کۆماری ئیسلامی بووە، و ٢١ی خەرمانای 1397ی هەتاویش بەڵگەی زیندووی ئەم ئیددیعایەیە. ٢١ی خەرمانان کە زۆرێک لە چاوەدێرانی سیاسی بە ڕێفراندۆمی خەڵکی کوردستان ناوی دەبەن، پەیامێکی زۆر ڕوون و ئاشکرا و ڕاشکاو بوو بۆ هەموو لایەک. بەتایبەت پەیامی ئەو ڕۆژە بۆ دەسەڵاتدارانی تاران ئەوە بوو کە ئەم گەلە پشت لە ڕۆڵە خەباتکارەکانی خۆی ناکا و هیچ چەشنە ئامراز و شێوەیەکی سەرکوت ناتوانێ ئەوان لە مەیدان وەدەربنێ و بە تێرۆر و مووشەکی بالستیکیش چاوترسێن نابن. پەیامێکی دیکەی ٢١ی خەرمانان بۆ ئەو لایەنانە بوو کە هاوتەریب لەگەل کۆماری ئیسلامی خەونی گولی بە حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە دەبینن و چەندین ساڵە لە هیچ چەشنە دژایەتی و ناوزڕاندێک بەرانبەر بەم حیزبە درێغییان نەکردوە، لەو ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان سەلماندیان و بە هەموو لایەکیان نیشان دا کە ئەوان حیزب و ڕێکخراوی جێ متمانە و ڕیشەداری خۆیان هەیە و پێوەندیی ئەوان لەگەڵ حیزبەکان و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانیان وەک هەمیشە پێوەندیی ئاو و ماسی و، خاک و خۆرە و هەرواش دەمێنێتەوە. هەر بۆیە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان و ڕێفراندۆمەکەی ئەم ڕۆژە بۆ هەمیشە وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا دەمێنێتەوە و تابڵۆیەکی جوان و پڕ واتایە لە شکۆی "قەڵا" و "قەڵافەتی "شار".