کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی چالاکییەکان بە بۆنەی ٢٥ گەلاوێژ لە ڕۆژهەلاتی کوردستان

22:04 - 26 گەلاوێژ 2719

بە بۆنەی ٧٤مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تێکۆشەرانی دێموکراتدۆست لە نێوخۆی وڵات بەردەوامن لە چالاکیی تەبلیغی و وەفاداری نواندن بە ڕێباز و ئامانجەکانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان. ڕۆژی ڕابردوو کە رێکەوت بوو لە گەڵ ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، دەستەیەک لە لایەنگرانی و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی پیرانشار بە نووسینی دروشمی شۆڕشگێڕانە بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی دێموکرات پەیمانی وەفادارییان نوێ‌کردەوە. هاوکات لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری پیرانشار، دۆستای ئەمەگناسی حیزب لە شارەکانی بانەو مەهاباد بە بڵاوکردنەوەی پەیامی پیرۆزبایی خۆیانیان بەدرێژەدەری ڕێگاو ڕێبازی حیزبی دێموکرات زانی. بەشێک لە دۆستانی حیزبی دێموکرات لە شاری مەهاباد بە ئامادەبوون لەسەر مەزارگەی پێشەوا قازی محەممەد یەکەمین رئیس جمهووری کوردستان بەڵێنیان دا کە هەتا سەر درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکرات بن. هەروەها لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری بانەش بۆ جارێکی دیکە پەیامی پیرۆزبایی خۆیانیان پێشکەش بە سەرجەم خەڵکی خۆڕاگری کوردستان، بەتایبەتی بنەماڵەی گەورەی حیزبی دێموکرات کرد. جێی‌ئاماژەیە ئەمساڵ هەر لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژەوە چالاکییەکان لە زۆربەی شارو گوندەکانی کوردستان بەوبۆنەوە دەستی پێکردو بەشێوەی جۆراوجۆر هەر بەردەوامە. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە بە گەرمی سپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە خەڵکی شۆڕشگێڕ و دێموکراتپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا و، سڵاویان بۆ دەنێرێت.