کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، سەدان میلیارد دۆلار زیانی بە ئێران گەیاندووە

01:56 - 8 خەرمانان 2719

محەممەد جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "زۆددۆیچە تسایتۆنگ"ی ئاڵمانی ڕایگەیاند کە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە سەدان میلیارد دۆلار زیان بە ئابووریی ئێران گەیشتوە. زەریف لە بەشێک لە وتووێژەکەیدا لە گەڵ ڕؤژنامەی "زۆددۆیچە تسایتۆنگ" ڕایگەیاند کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و پابەندنەبوونی وڵاتانی ئورووپایی بە ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئابووریی ئێران داڕماوە ، کۆمپانیا ئورووپاییەکان وڵاتی ئێرانیان جێهێشتوە و تەنیا باڵەخانە چۆڵەکانیان لە ئێران ماونەتەوە. شایانی باسە کە دوای چوونەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و گەمارۆی بانکی و ئابوورییەکان، ئابووریی ئێران بە تەواوی داڕما و لە باری ئابووری و بازرگانی و ئاڵووێری کاڵاوە پێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوە پچڕا. هەر بە قسەی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم، ئێستا دۆخی ئابووریی ئێران زۆر لە سەردەمی پێش بەرجام خراپترە.