کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کرانی چەند هاونیشتمانیی کورد لە لایەن هێزه ئەمنییەکانی رێژیمەوە

22:11 - 9 خەرمانان 2719

بەپێی هەواڵی ناوەندی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤی کوردستان، چوار هاونیشتمانیی کورد لە لە شارەکانی سنە، پیرانشار، مەهاباد و شنۆ دەبەسەرکراون. ناوەندی دێموکڕسی و مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە لە چەند ڕۆژی رابردوودا چوار هاونیشتمانیی کورد لە شارەکانی سنە، پیرانشار، شنۆ و مامۆستایەک لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کراون، "یاسر ئەمینی ئازەر" مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی مەهاباد و چالاکیی فەرهەنگی ئەو شارە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە مانگرتنی مامۆستایاندا بە ١٥ مانگ بەندکران حوکم درا. رۆژی پێنجشەممە ٧ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی کەسێکی دیکەی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "سەدیق سەیدان" لە نزیکی شارەکی پیشەیی ئەو شارە بە هۆکاری ناڕوون لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کراوەو لە جێگا و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لە بەر دەست دا نییە. هەر لەو بارەوە و بە پێی هەواڵێکی دیکە رۆژی چوار شەممە ٦ی خەرمانان، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی "ئارام زەندی" چالاکی کرێکارییان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە. جێی ئاماژەیە کە ناوبراو پێشتریش لە ڕۆژی ٨ی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٤ دا، لە گەڵ براکەی بە ناوی " فوئاد زەندی" دەسبەسەر کرابوون و لە دادگای پێداچوونەوەدا بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی، بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام و بڵاو کردنەوەی پڕوپاگەندە ، هەر کام حوکمی چوار مانگ بەندکرانیان بەسەر داسەپا و دوای تەواو کردنی ماوەی بەندکرانیان لە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە بەندیخانەی سنە ئازاد بوون. هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەرمانان، لە شاری شنۆ هاونیشتمانی دیکە خەڵکی شارۆچکەی نەڵۆس سەر بە شاری شنۆ بە ناوی " محەممەد ئیقباڵ" لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدران دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.