کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی: ئێران ڕێککەوتنی ناوکی پێشێلکردووە

22:14 - 9 خەرمانان 2719

ڕۆژی هەینی ٨ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاند کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران چوارچێوەی دیاریکراوی ڕێککەوتنی ناوکی پێشێلکردووە و پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاد کردووە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوای لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە کە هاوکاری ئەو ڕێکخراوە بکا و، پێبەند بێ بە ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی ٢٠١٥ کە لەگەڵ شەش زلهێزی جیهانیی ئیمزای کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانس، کۆماری ئیسلامی ڕێژەی پیتاندنی دیاریکراوی یۆرانیۆمی لە ٢٠٢وە گەیاندۆتە ٢٤١ کیلۆگرام و بەوشێوەیە لە ڕادەی خۆی تێیپەڕاندوە و ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و دژ بە ئەمنییەت و ئاسایشی جیهانیی ناسراوە و هەر هەوڵ و هەنگاوێکی ئەو ڕێژیمە لە پەرەپێدانی پیتاندنی یۆرانیۆم جێگەی نیگەرانییە. لەگەڵ ئەوەی کە لە دنیادا چەند وڵاتێکی بەهێز و زلهێز خاوەنی چەکی ئەتۆمن، بەڵام بێباوەڕی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان هەمیشە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهان داناوە، هەر بۆیە هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە نەهێلن ئەو ڕێژیمە دەستی بە چەکی ناوکی ڕابگا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە پارە و سامانی گەلانی ئێرانەوە هەردەم لە فکری ئاژاوەنانەوە و پێکهێنانی گرووپی توندڕۆی تێرۆریستییە و لەو ڕێگەیەوە دەیهەوێ هێژموونی خۆی بەسەر جیهان و ناوچەکەدا بسەپێنێ، بۆتە مەترسییەک بۆ سەر ئاسایسی وڵاتان، هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێژیمێکی تێرۆریست و بناژۆخوازی سەرەڕۆی خاوەن چەکی ئەتۆم قبووڵ ناکا.