کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاشکرابوونی گەندەڵیی ماڵی لە بنەماڵەی یەکێکی دیکە لە کاربەدەستانی ڕێژیم

21:32 - 10 خەرمانان 2719

بەپێی ڕاپۆرتی "ئیرنا" ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، لە سێهەمین دانیشتنی دادگایی پەروەندەی گەندەڵیی " گرووپی جەهانبانی" کوڕی یەکێک لە بەرپرسانی پلە بەرزی ڕێژیم تۆمەتبار کرا. عەمار ساڵحی کوڕی فەرماندەی پێشووی ئەرتەشی ئێران لە لێکۆڵینەوە لە پەروەندەی "گرووپی جەهانبانی" بە وەرگرتنی ١١٠ میلیۆن تمەن بە شێوەی نایاسایی لە بانکی سەرمایە تۆمەتبار کرا. ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانان، نوێنەری دادستێنی تاران ڕایگەیاند کە بەشیک لە مناڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیم کە بە ئاغازادەکان ناسراون، لە گەندەڵیدا دەستیان هەیە. یەکێک لەو کەسانەی کە ئەمجار لە گەندەڵی تێوەگلاوە، عەمار ساڵحی کوڕی عەتائوڵڵا ساڵحی فەرماندەی پێشووی ئەرتەشی ئێرانە. ڕەسووڵ ئەمیر قارەمانی نوینەری دادستێنی تاران لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە عەمار ساڵحی لە بەرابەر ماشێنێکی بینزی ٦٥٠ میلیۆن تمەنیدا، کاراسانی ٤٠ میلیارد تمەنی بۆ گرووپی جەهانبانی کردووە و لە بەرابەر ئەو بینزەدا ١٣٠٠ ئیمزای بۆ ئەو باندە کردوە کە بێجگە لە بێنزێک توانیویەتی ویلایەکیش لە زەعەفەرانیەی تاران بکڕێ. شایانی باسە کە ئەوە نە یەکەم جار و نە ئاخیر جارە کە باس لە کەسوکاری بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم دەکرێ کە لە گەندەڵی تێوەگلاون. ماوەی چل ساڵە کە سەروەت و سامانی گەلانی ئێران لە لایەن کۆمەڵێک ئاخوندی مفتەخۆری گەندەڵەوە بەفیڕۆ دەچێ. لەگەڵ ئەوەی کە بەهۆی دەسەلاتداری ئەو ئاخوندانەوە کەمتر پەروەندەکانیان ئاشکرا دەبێ و بەهۆی گەندەڵیی ئیداریەوە سەرپۆش لەسەر پەروەندەکانیان دادەنرێ یا بە هیچ شێوەیەک ڕەوانەی دادگا ناکرێن، بەڵام گەندەڵی لەنێو دامودەزگاکانی ڕێژیم بەشێوەیەک پەرەی سەندوە کە بۆ حاشا لێکردن نابێ. بەشێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم لەترسی تووڕەیی خەڵک و ڕووخانی ڕێژیمەکەیان یا بەهۆی ناکۆکیی قووڵی نێو دەسەڵات و دەسەڵاتداران جار بەجار بەشێکی کەمی گەندەڵی و گەندەڵکارانی نێو دەسەڵات و بنەماڵەکانیان ئاشکرا دەبن یا بەهۆی باندەکانی دزی و گەندەڵی تێوە دەگلێن و نێوی ئاغازادەکانیش ئاشکرا دەبێ.