کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران

21:40 - 10 خەرمانان 2719

بە پێی تازەترین بڵاوکراوەکانی ناوەندنی وڵاتانی ئەندام بۆ هەناردە کردنی نەوت، ڕادەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەچاو مانگی ڕابردوو ڕۆژانە بۆ ٥٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز کە لە ڕۆژی ٨ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی‌دا بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژەی بە بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران کردوە کە لە مانگی ڕابردوودا بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆیەوە دیوە. هەواڵدەریی ڕۆیتێڕز ئاماژە بەوە دەکا کە لە مانگی "ئووت"ی ٢٠١٩ی زایینیدا، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران بۆ ٢میلیۆن و سەد هەزار بەرمیل دابەزیوە کە لە ٣٣ ساڵی ڕابردودا بێ وێنەیە. دوای هاتنەدەری ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکردنەوەی دەوری دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر بانکەکان و نەوتی ئێران، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئابووری بووە و ئابووری وڵات داڕماوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی تەمەنی خۆیدا هەمیشە لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان ناتەبا بووە و هەر بەهۆی پێشێلکردنی یاساکان و ئاژاوەگێڕی و کاری تێرۆریستییەوە بۆتە مەترسی بۆ سەر ئەمنییەت و ئاسایشی جیهان و بەو هۆیەشەوە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەڕاوێز خراوە و گەمارۆی جۆراوجۆری بەسەردا سەپاوە. جێی ئاماژەیە کە ئابووریی ئێران بە نەوتەوە بەندە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش هەموو حیسابێکی هەر لەسەر نەوتە و کەمتر بیر لە ڕێگاکانی دیکە کراوەتەوە، هەر بۆیە لە نەبوونی پارەی فرۆشتنی نەوتدا، ئابووری ئێران داڕماوە و گرانی و برسییەتی و بێکاری ڕووی لە وڵات کردوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش بەهۆی ناکارامەیی و هەڵە سیاسییەکانیانەوە لە حاست ئەو قەیرانە و هەموو قەیرانەکانی دیکە وڵات دەستەوەستانن.