کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەتی قاڕنێ و قەڵاتان، پەڵەیەکی ڕەش بە تەوێڵی دژمنەوە

16:45 - 11 خەرمانان 2719

یازدەی خەرمانانی ئەمساڵ چل ساڵ بە سەر جینایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان تێدەپەڕێ. ڕێژیمی خومەینی کە لە بناغەدا باوەڕی بە ئازادی و مافی گەلان نەبوو، بەشێوەی جۆراوجۆر دەیویست خۆی لە قەول و بەڵێنی و دروشمە بریقەدارەکانی بدزێتەوە و بەهەر جۆرێک کە بۆی دەلوێ ئازادییەکان سەرکوت و ئازادیخوازان لەنێوبەرێ. کوردستان یەکێک لە سەنگەر بەهێزەکانی ئازادی و دێموکڕاسی بوو کە ڕێژیم بە بیانووی جۆراوجۆر دەیویست گەلەکەی سەرکوت بکا. بۆ ڕێخۆشکردن و شەرعییەت دان بە جینایەت و سەرکوت، لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا خومەینی جەللاد و خوێنڕێژەوە وەک مەرجەعی تەقلید فتوای جیهادی دژ بە گەلی کورد دەرکرد. لەو ڕۆژە بە دواوە، چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ئەو ڕێژیمە بەهێزێکی زۆرەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان و مەغول ئاسا دەستیان دایە قەتڵوعامی خەڵکی کورد و ژن و پیاو و مناڵ و پیر و گەنجی کوردستانیان شەڵاڵی خوێن کرد. لە یازدەی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاویدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران جینایەتێکی گەورەی دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدا. لەو ڕۆژە ڕەشەدا هێزێکی زۆری دژمن بە فەرمانی خۆمەینی و بە سەرکردایەتی مەلاحەسەنی هێرشیان کردە سەر گوندەکانی قاڕنێ و قەڵاتان و بە دڕندانەترین شێوە دەستیان دایە کوشتنی خەڵک و تەنانەت دەستیان لە کوشتنی مناڵە کوردەکانیش نەپاراست. جینایەتی قاڕنێ و قەڵاتان یەکێک لەو جینایەت مێژووییانەیە کە کورد لە بیری ناکا و پەڵەیەکی ڕەشە بە نێوچاوانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کە زیاتر لە ٦٨ کەس لە خەڵکی ئەو گوندانە بە پیر و مناڵەوە قەتڵوعام کران و سەربازانی ئیمامی زەمان تەنانەت دەستیان لە مامۆستای ئاینیی قورئان بە دەستیش نەپاراست. بێجگە لە جینایەتی گوندەکانی قاڕنی و قەڵاتان لە ناوچەی نەغەدە، بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە چەند شوێنێکی دیکەی کوردستانیش وەک نەورۆزی خوێناوی سنە، کوشتاری گوندەکانی سەروکانی، ئیندرقاش, گامێشگۆلی، کانی مام سەیدە، حەسەننووران، ساروقامیش، قەرەگۆل، لە سێدارەدانی ٥٩ لاوی مەهابادی و زۆر شار و ناوچەی دیکەی کوردستان جینایەتیان خوڵقاند. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، جینایەت، کوشتن و و ڕەشەکوژی، لە سیدارەدان و بێسەروشوین کردن یەکێک لە ئەرکەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمێکە کە ڕێبەرەکەیان خۆی بە سێبەری خوا لە سەر زەوی دەزانێ و بۆ هەر کوشت و کوشتارێک فتوایەکی شەرعی و ئیسلامی دەردەکا و هەموو جینایەتێک بۆ چەکدارە خوێنڕێژەکانی بە ڕەوا دەزانێ. گەلی کورد لە مێژووی خوێناوی خۆیدا گەلێک ڕۆژی خوێناوی بە خۆیەوە بینیوە و دژمنانی کورد لە سەر خاکی کورد زۆر جینایەتی سامناکیان دژ بە گەلەکەمان ئەنجامداوە بۆ ئەوەی کورد داوای خاک و وڵات و مافەکانی خۆی نەکات و تەسلیمی داوا ناڕەواکانی داگیرکەرانی کوردستان بێ، بەڵام گەلی کورد وازی لە ویستە ڕەواکانی نەهێناوە و تا وەدیهێنانی مافەکانی خۆی دەست لە خەبات هەڵناگرێ و کوشتن و سێدارە و زیندان نایترسێنێ و لە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی بەردەوام و سوورتر لە جاران ئەم خەباتە درێژە پێدەدا.