کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی بەندکراوێکی کورد لە شاری سنە

21:06 - 11 خەرمانان 2719

چالاکێکی مەدەنی خەڵکی ناوچەی سنە کە ماوەی نیزیک بە دوو حەوتەیە بە هۆکاری ناڕوون دەسبەسەرکراوە، پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٢ ڕۆژ چارەنووسی ناڕوونە. موحسێن سەعیدپوور خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دانیشتووی شارەکی نایسەر لە سنە، لە ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە ماڵی خۆی دەسبەسەر کراوەو لەو ڕۆژەوە چارەنووسی ناڕوونەو هیچ وڵامێکیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە. یەکێک لە کەسانی نیزیک بە بنەماڵەی موحسێن سەعیدپوور ڕایگەیاند کە زیاتر لە دوو حەوتەیە ناوەندە ئەمنییەکان و دەزگای قەزایی لەو بارەوە وڵامدەر نین. جێی ‌ئاماژەیە موحسێن سەعیدپوور لە چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی شاری سنەیەو لە بەڕێوەچوونی بۆنە نەتەوەییەکان وەکوو نەورۆزی تەنگیسەر دەوری بەرچاوی هەبووە. ناوبراو خێزاندارو خاوەنی سێ منداڵە، تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک بڵاو نەبۆتەوە.