کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێداهەڵگوتنی ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی بە ڤێنزۆئیللا و کووبا

21:11 - 11 خەرمانان 2719

ڕاگەیاندنەکانی سەر بە ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ورەی هێزە چەکدارەکانیان و لایەنگرانیان لە نیوخۆی وڵات ماوەیەکە دەستیان داوەتە پڕوپاگەندە و نموونە هینانەوە لە دوو دەوڵەتی کووبا و ڤینزۆئیللا کە دژایەتیی ئەمریکا دەکەن و ئیتر باسی باری خراپی ئابووری ئەو وڵاتانە ناکەن کە خەڵکەکەیان لە چ دۆخێک‌دا دەژین. دوای دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و داڕمانی ئابووری ئێران، کاربەدەستانی ڕیژیم بۆ ڕاگرتنی حکوومەتە گەندەڵەکەیان دەیانهەوێ بە نموونە هێنانەوە بە ولاتانی کووبا و ڤێنزۆئێللا و بە قارەمان پێشاندانی ئەوان لەبەرانبەر دەوڵەتی ئەمریکادا، بەهێزەکانی خۆیان بڵێین کە ئێمەش دەتوانین وەک ئەوان لە بەرابەر ئەمریکا بوەستینەوە و لە سەر پێی خۆمان ڕاوەستین. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێ ئەوەی جیاوازی نەڕووخان و لەسەرپێ مانەوەی ئەو دوو دەوڵەتە لەگەڵ ڕێژیمەکەی خۆیان باس بکا، دەیهەوێ بە لاسایی کردنەوە دڵخۆشی خۆی و دارودەستەکەی بداتەوە و بڵی دەوڵەتی ئەمریکا توانای ڕووخاندن و بەربەرەکانی لەگەڵ ئێمەی نییە و ئێمەش دەتوانین وەک کووبا و ڤێنزۆئێللا خۆڕاگر بین و تەسلیمی ویستەکانی ئەمریکا نەبین. ئەگەر دوو دەوڵەتی ڤێنزۆئیللا و کووبا زلهێزی دیکەیان لە پشتە و وەک ڕێژیمی ئاخوندی لە چەند لایەکەوە نەکەوتوونەتە داو و زیاتر لە بیری پاراستنی وڵاتەکەی خۆیاندان، ئەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر ئەمریکا، بەڵکوو لەگەڵ کۆمەڵگەی جیهانیی بەرەوڕوویە و تێرۆر وەک یەکێک لە قیزەونترین کردەوەی دژی ئینسانی کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان ناتەبا و مەحکوومە، دەمێکە داوێنی ئەو ڕێژیمەی گرتوە و وەک دەوڵەتێکی تێرۆریست ناسراوە و لە چەند دادگایەک بە تاوانی تێرۆر مەحکووم کراوە. دەستێوەردان، بناژۆخوازی و پێکهێنانی گرووپ و میلیشیای تێرۆریستی لە وڵاتان و تێکدانی ئاسایشی جیهانی یەکێکی دیکە لە کردەوە ناپەسەند و مەحکووم کراوەکانی ڕێژیمی کۆماریئ ئیسلامیی ئێرانە کە لە وڵاتانی کووبا و ڤێنزۆئێللا جیای دەکاتەوە. ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیهەوێ بە خۆ بە قارەمان نیشاندان و قارەمانسازی و لاسایی کردنەوەی ئەو وڵاتانە، تۆوی نائومیدی لە نێو خەڵکدا بچێنێ و لە شۆڕس و ڕاپەڕین پاشگەزیان بکاتەوە و لە لایەکی تر لایەنگران و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی ئومێدەوار بکا کە حکوومەتەکەیان هەر لە سەر پێ و ئەمریکا ناتوانێ بیڕووخێنێ و ئەوان بە خەزێنەی بەتاڵەو دەتوانن حکوومەت بکەن و وڵات ئیدارە بکەن.