کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا

21:15 - 11 خەرمانان 2719

محەممەد جەوادی زەریف ڕایگەیاند کە ئەگەر هەتا ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانان ئورووپاییەکان بۆ نەجاتدانی ڕێککەوتننامەی بەرجام کارێکیان لە دەست نەیێ، ئەوە ئێمە لە بەشێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە دەکشێینەوە. هەژدەی خەرمانانی ئەمساڵ واتە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، یەکساڵ بە سەر چوونەدەری دەوڵەتی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام تێدەپەڕێ، دوای چوونەدەری ئەمریکا لە بەرجام، ئورووپاییەکان لەهەوڵی دامەزراندنی ناوەندێکدا بوون تا بتوانن بەجێی پووڵ کەلوپەل و پێداویستی لە بەرابەر نەوتی ئێراندا بدەنە کۆماری ئیسلامی، بەڵام تا ئێستاش ئەو ناوەندە دەسبەکار نەبووە و هیچ کۆمپانیایەکی ئورووپایی ئامادە نییە بە خاتری کۆماری ئیسلامی پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکا تێکدا. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام لە پێوەندیی لەگەڵ پیتاندنی یۆرانیۆمدا لە دوو خاڵی ڕێککەوتنەکە هاتۆتە دەرێ و بریارە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەرمانان ڕایبگەیەنێ کە پابەند نابێ بە بەندێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە. پێشتر ڕێژیم لە دوو دەورەدا ڕایگەیاند کە پابەند نابێ بە سازکردنی ٣٠٠ کیلۆگەرام یۆرانیۆم و لە دەوری دووهەمدا پیتاندنی یۆرانیۆمی لە سەتا ٦٧/٣ گەیاندە ٥/٤ و تا ئێستا ڕاینەگەیاندووە کە لە دەوری سێهەمدا لە کام یەک لە بەندەکانی بەرجام دێتە دەرەوە. سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران لەم ماوەیەدا هەوڵێکی زۆریاندا تا بتوانن ڕێژیمەکەیان لە قەیران و ئابووریی ئێران لە داڕمان نەجات بدەن، بەڵام ئورووپاییەکان هەر جارە و قەوڵێکیان پێدەدەن و هیچ جارێکیش بەڵینەکانیان جێبەجێ ناکەن و ماوەی یەکساڵە هەر ئەمڕۆ بە سبەی بە ڕێژیمی ئاخوندەکان دەکەن. ئورووپاییەکان لەگەڵ ئەوەی کە لە قسەکانیاندا هەموو جارێ پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنی بەرجام ڕادەگەیەنن و دەڵێین لە فیکری نەجاتدانی بەرجام داین، بەڵام تا ئێستاش بە کردەوە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوەتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش لەگەڵ ئەوەی کە هەر لە هەوڵی ڕێگایەکدان بۆ نەجاتی ڕێژیمەکەیان، بەڵام نە ئورووپاییەکان تا ئێستا لە ترسی گەمارۆکان و بەرژەوەندییە بازرگانی و ئابووری و سیاسییەکانیان توانیویانە کارێک بۆ نەجاتی بەرجام بکەن و نە کۆماری ئیسلامیش بەو ڕابردووە تێرۆریستییە فێڵبازانەی خۆی توانیویەتی کاناڵێک بۆ فرۆشتنی نەوت و دەرچوون لە قەیرانە کەڵەکەبووەکان بدۆزیتەوە.