کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی کوڕی بنەماڵەیەکی تێکۆشەری دێموکرات

21:56 - 13 خەرمانان 2719

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، سەلام خودا پەنا کوڕی کاک محەممەد خوداپەنا ، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد. سەلام خودا لاوێکی خاوەن هەست و ڕۆشنبیر بوو کە ماوەی چەند ساڵێک بوو بە دەست نەخۆشییەوە دەیناڵاند و دوای هەوڵ و ماندبوونێکی زۆر دوکتۆرەکان نەیانتوانی چارەسەریی بۆ بدۆزنەوە و بەداخەوە لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و لە نێو ئاپۆرا و خەم و پەژارەی کەس و کار و خەڵکی ناوچەکە و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزبی دێموکڕاتدا لە گۆڕستانی شەهیدان بە خاک سپێردرا. شایانی باسە کە کاک محەممەد خوداپەنا باوکی سەلام خوداپەنا خەڵکی ڕەبەت، لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هاتۆتە نێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ماوەی چل ساڵە بێ پسانەوە، وەک پێشمەرگەیەکی ئازا، شۆڕشگێڕێکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەریکی هێدی و ئارام و خاکی و خەڵکی لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکراتدا لە خزمەت گەلەکەی دایە و لە هیچ فیداکاری و ئەرکێکی پێسپیردراوی حیزبی درێغی نەکردووە و دڵسۆزانە لە خزمەت حیزب و گەلەکەی دایە. بنەمەڵەی خودا پەنا بنەماڵەیەکی خۆشناوی ناو حیزبی دێموکڕات و جێگەی ڕێزی خەڵک و پێشمەرگەکانی دێموکڕاتن. لە لایەن ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە کاک محەممەد خودا پەنا خزم و کەس و کار و خەڵکی ناوچەی ڕەبەت دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.