کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نائومێدی ڕوحانی و زەریف لە یەکیەتیی ئورووپا

22:14 - 13 خەرمانان 2719

حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران، نائومێدی خۆی لەسەر بە ئاکام نەگەیشتنی وتووێژەکان لەگەڵ ئورووپاییەکان ڕاگەیاند. ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕووحانی لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتدا ڕایگەیاند کە بە دووری دەبینم درەنگ یا زوو لە وتووێژەکانماندا لەسەر پێبەند بوونی ئورووپاییەکان بە ڕێککەوتننامەی بەرجام بە ئاکام بگەین. هەر لەو پێوەندییەدا محەممەد جەوادی زەریف بەداخبوونی خۆی لە شکستی کۆبوونەوەکان لە فەڕانسە و وڵاتانی دیکە ڕاگەیاند و گوتی: "بەداخم کە ئورووپاییەکان پێویستیان بە ئیجازە و ئۆکەی ئەمریکا هەیە". دوای دەوری دووهەمی گەمارۆکان بۆسەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بە تایبەتی لەم ماوەیەدا کاربەدەستانی پلەبەرزی ڕێژیم، حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆمار و زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران هەوڵێکی چڕوپڕی دیپڵۆماسییان دەسپێکرد و دەستەوداوێنی هەموو کەس بوون و لە هەموو دەرگایەکیاندا هەتا بتوانن بە زمانلووسی، فێلبازی و بەرتیل ڕێگەیەک بۆ دەرباز بوونی ڕێژیمەکەیان لەو هەموو قەیرانە کەڵەکەبوانە بدۆزنەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی کە پێشینەیەکی چل ساڵەی لە چەواشەکاری و فریودانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا هەیە، ئێستا ئیتر دەستی بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بووە و بۆ جارێکیتر باوەڕ بە وتە و بەڵینەکانی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە ناکەن. لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی ئورووپایی هەر لە سەرەتاوە نەیانویست کە بەرژەوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا فیدای ڕێژیمێکی تێرۆریستی بناژۆخوازی ئاژاوەگێڕ بکەن کە هیچ داهاتوویەکی نییە و لەنێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات هیچ پێگەیەکی نەماوە و پێبەندی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان نییە.