کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووحانی فەرمانی دەسپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیومی دا

16:04 - 14 خەرمانان 2719

حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیەند کە کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ پیتاندنی یۆرانیۆم چیتر پابەندی ڕێککەوتننامەی بەرجام نابێ. حەسەن ڕوحانی شەوی چوارشەممە١٣ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ هەر سێ دەزگا سەرکییەکەی ئێران کۆبۆوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئیبڕاهیم ڕەئیسی و عەلی لاریجانی بەشدار بوون. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریاندا کە چیتر پابەندی ئەو سنوور و بەندانە نابن کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجامدا پەسەندیان کردوون. ڕووحانی فەرمانی بە شارەزایانی بواری ئینێرژی ئەتۆمی ئێران دا کە هەرچی لە دەستیان دێ بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم ئەنجامی بدەن. سەرۆک کۆماری ئێران هەر لە هەمان کات دا ماوەی ٦٠ ڕۆژی دیکەی بۆ ئورووپاییەکان دیاریکرد و ڕایگەیاند کە هەر کات ئەوان بەندەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجامیان جێبەجێ کرد ئەوە ئێمەش پابەندی خاڵەکانی بەرجام دەبین. پێشتر کۆماری ئیسلامی لە دوو بەندی ڕێککەوتنەکە هاتبۆ دەرێ و ماوەیەک بوو هەڕەشەی لە ئورووپاییەکان دەکرد کە ئەگەر ئەوان ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکەن، کۆماری ئیسلامی لە هەنگاوی سێهەمدا پابەندی یەکێکی دیکە لە بەندەکانی ڕێککەوتنی بەرجام نابێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو ماوەیە هەوڵێکی زۆریدا هەتا بتوانێ ئورووپاییەکان بە قەناعەت بگەیەنێ کە ڕێگەی پێبدەن بەشێک لە نەوتەکەی بفرۆشێ یا لانیکەم ئورووپاییەکان ئەمریکا ڕازی بکەن کە ڕێگە بە کۆماری ئیسلامی بدات ڕۆژانە ٧٠٠ هەزار بەرمیل بفرۆشێ، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئاکام مانەوە و پیلانەکانیان سەری نەگرت. بێگومان بە دەسپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم، ڕێژیم دەچێتە نێو گێژاوێکی دیکە و قەیرانێکی دیکە بە قەیرانە کەڵەکەبووەکانی زیاد دەبێ و زەحمەتە ئاوا بە ئاسانی لە دەست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕزگاری بێ.