کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

برایان هۆک: داهاتی نەوتی ئێران بۆ تیرۆریستەکانە، نەک خەڵکەکەی

22:16 - 14 خەرمانان 2719

"برایان هۆک" ڕایگەیاند کە ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆکانی بۆ سەر ئێران جیدییە و گەمارۆکان بەردەوامن. برایان هۆک نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە کۆنفڕانسێکی هەواڵدەریدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا گوشاری زۆر دەخاتە سەر کۆماری ئیسلامی و هیچ کەس و لایەنێکێش لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆکاندا بەخشراو و ڕێگە پێدراو نییە. هۆک ڕایگەیاند کە پارەی داهاتی نەوتی ئێران لە لایەن سپای قودسەوە بۆ هاوکاری گرووپە تیرۆریستییەکان بەکار دێ نەک خەڵکی ئێران. برایان هۆک لەو کۆنفڕانسە هەواڵدەرییەدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا ١٥ میلیۆن دۆلاری وەک خەڵات بۆ ئەو کەس و لایەنانە دیاریکردووە کە ڕایڵکەی دارایی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا بکەن. هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ٢٥ ناوەند و ١١ کەشتی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە بە پارە و داهاتی نەوتی ئێران لە هەوڵی ڕێکخستن و سازماندانی گرووپە تێرۆریستییەکاندایە و حاشای لە پشتیوانیی خۆی لە بەشێک لەو گرووپانەی وەک حیزبوڵلا و حەماس نەکردووە و بە ئاشکرا پشتیوانیی لێکردوون و پارە و چەک و تەقەمەنی پێداون. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی ئەو گرووپە تێرۆریستییە بناژۆخوازانەوە بۆتە سەرچاوەی ئاژاوەنانەوە لە نێوان دین و ئایین و گەلانی ناوچەکە و لەو ڕێگەیەدا تا ئێستا بە دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون و خەڵکێکی زۆر ماڵی وێران بووە پەڕیوەی هەندەران بووە. ڕێژیمی ئاخوندی بە سیاسەتە هەڵەکانی خۆی، خەڵکی ئێرانی تووشی گەورەترین نەهامەتی کردووە و قەیرانە کەڵکەبووەکان بوونەتە هۆی هەژاری و بێکاری بۆ خەڵک و کاربەدەستانی ڕێژیمیش بە جێگەی بەخۆدا هاتنەوە و دووپات نەکردنەوەی سیاسەتە هەڵەکانیان، هەر سوورن لە سەر ئەو خەت و ڕێبازەی کە خۆمەینی لە سەرەتاوە بۆی دیاریکردوون کە ئەویش تێرۆریستپەروەری و خوێن ڕشتن و کوشتنە لە سەرانسەری جیهاندا و ئاژاوەنانەوە لە نێوان دین و مەزهەب و گەلانی جیهاندا.