کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە بەر بانێژەی قەڵاوە

00:00 - 16 خەرمانان 2719

قەڵای دێموکرات، قەڵا و قامەتی شەهیدان، قەڵای مەردانی مێرخاس و قەڵای کچان و ژنانی پێشەنگ و یەکسانیخواز، قەڵای دێموکرات، قیبلەی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی نیشتمان و نوێنگەی بیری کوردایەتی و بیروهزری ژێکاف و حەزرەتی  پێشەوایە. قەڵای دێموکرات، قەڵای بەرەنگاریی خانی لەپ زێڕین و قەڵای هەولێری هۆلاکۆبەزێن و قەسیدە نەبڕاوە و نەپساوەکەی کۆمار و سێدارەکەی قازی و چیرۆکی دوازدە سوارەی مەریوان و کوشتاری قاڕنێ و قەڵاتان و خاچەکەی باڵای قاسملوو و کراسە خوێناوییەکەی شەڕەفکەندی و پرچی سپی و نەهۆنراوەی دایکی شەهید و لاواندنەوە و حەسرەتی نەوبووکە نازلێشێواوەکانی زێدەکەی من و پێشمەرگە شەهیدە گۆڕغەریبەکانی دەستی داگیرکەر و سووتانی گەنم و گوڵ و مەل و باغ و دارستان و جەستەی زامداری خاک و یادەوەری و سەنگەری بەرخۆدانی هەزاران هەزار شەهیدی سەربەرزی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانە. خەرمانانە و مانگی کۆچی خەونەکانە، پەڕەسێلکەکانی قەڵا لەبەر بۆنی باڕووت و گرمەی بۆمبا کۆچ بەرەو باواجی هەڵیگرتوون، خەرمانانە و خەرمانی شەهیدانمان لە هەڵکشانە، خەرمانانە و شەڕەفکەندیی ڕێبەر، سەرقافڵەی کاروانێکە کە بە نێو ڕووباری هەنیسک و فرمێسک و خوێندا تێدەپەڕێ و بەنێو ئاگری بەردەم فتواکەی جەماراندا هەنگاو دەنێ. خەرمانانە و خوێن لە جەستەی زامداری کورد دەچۆڕێ، خەرمانان کەژاوەی کچە ڕووسوورە سینگ و ڕوومەت خوێناوییەکەی دەستەخوشکی خاکەلێوەی خوێن  و پووشپەڕی پەڕپەڕ و زامی بەژانی گەلێکی بندەستە. خەرمانانە و گەرچی سەرم کرایە نیشانەی ڕمی دەستی دوژمن، گەرچی کەوتمە بەر هوروژمی خێلی ڕەش و سپای دۆزەخ و دڵڕەشان، بەڵام کچان و کوڕانی دڵ پڕ لە گڕ و تین و ئەوینی نیشتمان، لە مانگی خوێن و گیانبازیدا، لە خەنەبەندانی خەرماناندا، پۆل پۆل و دەستە دەستە، کاروان کاروان و کۆمەڵ کۆمەڵ، بۆ یادی نەمران مۆم دادەگیرسێنن، تۆوی تۆڵە دەچێنن، پشت لە ژوانی دڵدار و دەزگیران، باوەش بە ئەشکەوت و سەنگەر و چیادا دەکەن، چەک لە شان و مەشخەڵ بە دەست دەبنە پێشەنگ و پێشمەرگە، دەبنە قۆچی قوربانیی وڵات تاکوو ئاڵای کورد هەر شەکاوە و قەڵای دێموکرات هەر سەربەرز و لەسەرپێ و بەپێوە  بێ. خەرمانانە و گەرچی ئەم ڕێگەیە بە ئاگر و باڕووت و تەناف تەنراوە، بەڵام لاوانی کورد دەبنە بورکان و تەخت و تاجی زۆردار دێننە لەرزە، ئازاترین ڕۆڵەکانی ئەم گەلە بە ئیرادەی پۆڵایین و بە سروودی ئەی ڕەقیب و بیروهزری شۆڕشگێرانەوە نیشتمان لەکۆڵ ئەسپی سەرکێشی خەبات تاو دەدەن، بەرەو کێوی قاف، کاڵەی ئاسن هەڵدەبەستن. هەوراز و نشێو دەپێون، سنوورە دەسکردەکان دەبەزێنن، نەخشەی کوردستان بە خوێن دەڕەنگێنن و دەنەخشێنن. لە مەکتەبی پێشەوادا وانەی خەبات و خۆڕاگری دەخوێنن، دەبنە سپەر دەبنە قەڵا، بۆ گیانی دوژمن دەبنە بەڵا، دەبنە گڕ و گوڕ و هاوار و هەڵمەت و هیممەت و تۆڵە، دەبنە  قەندیل و قەڵغان و شوورەی پۆڵایینی قەڵای نیشتمان و لە شار و شەقام، لە بەندیخانە و لە سەنگەری  تروپکی چیا دەبنە قرمژنی چەکی تۆڵە و دەنگی گەلێکی هەراو و ئازادیخواز تا خەونی کورد بێتە دی و ڕوحی شەهیدانی بەردەم سێدارە و گۆڕ غەریبەکانی  دەستی تێرۆر و تاوان و ڕۆڵە گیانبازەکانی سەنگەری بەندیخانە و بناری چیاکانی هەڵگورد و قەندیل و بێستوون، گوڵاڵە سوورەکانی پێدەشتی موکریان و چیای سەرکەشی هەورامانی هەرمان و تێکۆشەرانی داوێنی زاگرۆسی زام و ئاگری و ئاربابا و شەهیدانی چوارچرا و پێرلاشێز و قەندیل و قەڵای بناری هەیبە سوڵتان ئارام بگرن.