کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"سپی‌باڵەکانی قەڵای پێدەشتان"

01:45 - 16 خەرمانان 2719

وەک لەبیرم بێ لەو یەکەم جارانەی کەوا گوێم لە دەستەواژەی "قەڵای دێموکرات" بوو، دەگەڕێتەوە بۆ تەقینەوەی تێرۆریستیی شەوی یەلدا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەوێدا کرابووە ئامانج. کاتێک کە هەواڵنێرییەکانی باشووری کوردستان هەواڵی ئەو تەقینەوەیان بڵاو دەکردەوە و باسیان لەوە دەکرد کە لە بەردەم بارەگای فەرمیی ئەم حیزبەدا لە شاری کۆیە تەقینەوەیەک ڕووی داوە و، ئاماژەیان بەوە دەکرد کە بە قەڵای دێموکرات دەناسرێ؛ هیچکات بیریان لەوە نەدەکردەوە ئەم پێکهاتە وشەییە دەتوانێ ڕۆژێک ببێتە هێما و سیمبولی خۆڕاگری و هەموو کوردستانی ڕۆژهەڵات بگرێتەوە. تەنانەت بۆ هاوڕێیانی حیزبیش وشەی قەڵا بەتەنیا نا، بەڵام دەستەواژەی "قەڵای دێموکرات" پێکەوە، بڕێک نامۆ بوو و، ڕەنگە دەتوانم بڵێم ناسیاوییەکەی هەر بۆ شۆفیر تاکسییەکانی شاری کۆیە بوو. بەڵام چۆن و بۆ ئەم دەستەواژەیە لە چوارەمین دەیەی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە لووتکە و، دەتوانم بەڕاشکاوییەوە بڵێم بووەتە بەشێکی جیانەبوو لە مێژووی خەباتی بەرەنگاریی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟ کە لاپەڕە لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان هەڵدەدەینەوە دەبینین کە تەنیا کەسایەتییەکان نین ناویان لە مێژوودا هەرمان دەبێ، بەڵکوو زۆر شوێن و جێگاش گرینگیی تایبەت بەخۆیان دەبێ بۆ نموونە شاری ستالینگراد یان کۆبانی و ... هەتا هەتایە ناویان بە زیندوویی دەمێنێتەوە. قەڵای دێموکرات لانیکەم بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیتر شوێن و جێگایەکی نامۆ نییە. ئەم قەڵایە شوێنی کاروباری ئیداریی حیزبی دێموکراتە و بیر و ئەندێشەی ئەم حیزبە لێرەوە بیچم دەگرێ و لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە پێوەندی لەگەڵ بەردەنگەکانی خۆی کە خەڵکی کوردستان بن دروست دەکا و ئاڕاستەیەکی مرۆیی و ئازادی‌تەوەرانەیان پێ دەبەخشێ. قەڵای دێموکرات وەبیر هێنەرەوەی ئیرادە و هەستانەوەیە، وەبیر هێنەری بەچۆکدا نەهاتن و تێکۆشانی بێپسانەوەیە. ١٧ی خەرمانان یەکەم هەڕەشە و هێرش نەبوو لەسەر قەڵای دێموکرات، ئەم قەڵایە بە چەندین جار کراوەتە ئامانج بەڵام ئەم هێرش و پەلامارانە دەسکەوتی زیاتری بۆ حیزبی دێموکرات بووە هەتا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی! ڕاستە ئێمە چ لە تەقینەوەی شەوی یەلدادا و چ لە مووشەکبارانی ١٧ی خەرماناندا پۆلێک لە باشترین ڕۆڵەکانی ئەم گەلەمان لێ ستێندرا؛ لێ جارێکی تر مۆری زیندووبوون و ڕاوەستاوی لە تێکۆشان تەنانەت لە تاراوگەشدا هاتە بن کارنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ڕەچاو کردنی شێواز و پتانسیێلە جۆراوجۆرەکانی خەبات و گرتنە بەری سیاسەتێکی ئاوێتە بە واقعیەت توانیویەتی هەستی هاوسۆزیی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە جووتیار و کرێکار و کۆڵبەرەوە هەتا بژاردەکانی کۆمەڵگە و کەسانی چالاک لە بوارەکانی کولتووری، هونەری، ئەدەبی، سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، ژینگەپارێزی و ... بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. ئەم پێگە جەماوەرییە لەخۆڕایی بەدەست نەهاتووە و ئەمە بەرهەم و دەسکەوتی ساڵگارێک خەباتی ڕاست‌کردارانەیە؛ بەرهەمی خوێنی شەهیدانی ڕێگای سەربەستیی ئەم نیشتمانەیە. کاتێک کە تەنیا ٤ ڕۆژ لەدوای ئەم هێرشە خوێناوییە خەڵکی کوردستان بە تێکڕای نەک تەنیا یەک خولەک بێدەنگی بەڵکوو یەک ڕۆژ بێدەنگی بۆ ڕێز لە یاد و ناوی شەهیدان ڕادەگرن و، خۆیان دەکەنە خاوەنی پرسە و سەرەخۆشیی ڕۆڵە گیان بەختکردووەکانی خۆیان؛ لەو کاتەدایە ئەو هەستە خۆشەت دەبێ و دەزانی بەرەو وەدەستهێنانی ئامانجەکانت هەڵکشاوی و زۆرت نەماوە هەتا گەیشتن بە دواوێستگەی مەبەست. کاتێک کە شارەکانی کوردستان یەک لە دوای یەک و لە ماکۆوە هەتا ئیلام دەبنە "قەڵای دێموکرات" و یەکتر دڵنیا دەکەنەوە لەوەی قەڵا ئاوەدانە و کە قەڵاش ئاوەدان بوو واتە سەنگەری تێکۆشان ئاوەدانە؛ کۆی ئەم هاوسۆزی و هاودڵییەی خەڵک بووە ئاوێک و بەسەر ئاوری خەمی لەدەست دانی ١٦ شەهیدی کوردستاندا کرا کەواتە با خەم لاچێ... هەر ئەم جێگە و پێگە جەماوەری و کارتێکەرییانەی حیزبی دێموکرات لەسەر بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە پەردە لەسەر ڕازی بەسیبل بوونی ئەم حیزبە بەگشتی و قەڵای دێموکرات و سەرکردایەتییەکەی بەتایبەتی لادەدا. ئێستا کە نیزیک بە هەشت دەیە لە خەباتی حیزبی دێموکرات تێپەڕ دەبێ، لێبڕاوانەتر لە پێشوو هەموو مێتۆدەکانی خەبات بە پشوودرێژییەکی لەبڕان‌نەهاتووەوە تاقی دەکاتەوە و هیچکات تۆزی دووری و "نیشتەجێ بوون لە دەشتی کۆیە" بە ڕوخساری تێکۆشانییەوە دیار نییە؛ هەربۆیەش ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە باشترین شێوە لەم ڕاستییە تێگەیشتووە و بە چاوی سەرەکیترین دوژمنی خۆی سەیری دەکا. ئێمە پۆلێک لە لاوەکانی کوردستان لە کاتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکراتدا لە دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەدا بەشدار بووین و لە نیزیکەوە شایەدی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە نەبووین، هەر بەو بۆنەیەوە دەورەی ئێمە بە دەورەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان ناودێر کرا و بێجگە لەوەی کە هەستمان دەکرد چەکهەڵگری خاکێکین کەوا دوژمن لەسەری زاڵە؛ ئەمجار چەکی هاوڕێیانێکمان هەڵگرتبوو کە گیانی پیرۆزی خۆیان پێشکەشی بارەگای ئازادی کردبوو. بۆیە بەڵێنمان ئاوەدان کردنەوەی سەنگەرێک بوو کە ئیتر بە تەنیا سەنگەری ئەوان و ئێمە نەبوو؛ بەڵکوو ئەو قەڵای دێموکراتەی کە لەنێو دووکەڵ و تۆز و ئاوردا بە پشتیوانیی لێبڕاوانەی خەڵکی کوردستان و هەروەها بە هیممەتی یەکە یەکەی ئەندامانی ئەم حیزبە تۆزی وێرانی لەخۆی داتەکاندبوو و سەرلە نوێ هەستابۆوە سەرپێ. ڕەنگە ئێستا و لە دوای ساڵێک کە بەسەر ئەم ڕووداوە دڵهەژێنەدا تێدەپەڕێ دوو حەسرەت لە دڵدا هەبێ؛ یەکیان ئەوەیە کە لە بەرەبەیانی ئازادیدا جێگەی بەتاڵی ئەم شەهیدانە و سەرجەم شەهیدان دیارتر لە دیارە و؛ دووهەمیان ئەوەیکە وەک شەخس نەمتوانی لە نیزیکەوە لە خزمەتی ئەم تازەترین شەهیدانەدا بم بەڵام بە دڵ با.