کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکییەتی ژنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ١ ساڵەی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات سیمینارێکی بەڕێوەبرد

20:35 - 16 خەرمانان 2719

سەرەتای سیمینارەکە بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری شەهیدانی کوردستان بە تایبەت شەهێدانی ١٧ی خەرمانان بە ساتێک بێدەنگی دەستی پێکرد. پاشان بەڕێوەبەری سیمینارەکە ئاماژەی بە چۆنیەتی و شێوەی ڕوودانی کارەساتی ١٧ی خەرمانان کرد بۆ بەرچاو ڕوونی ئامادە بووان، ئامارێکی لە شەهید و بریندارانی ئەو ڕۆژە خوێندەوە و دواتر وتەی کردنەوەی سیمینارەکە لە لایەن خاتوو شلێر مەحموودی پێشکەش کرا کە تێێدا باس لە ڕۆڵی شەهیدان نەسرین حەداد و سۆهەیلا قادری لە ناو حیزبی دێموکرات و ڕێکخراوەی یەکیەتی ژنان کرا و لە بەشێکی دیکەی باسەکەدا دەوری ئەندامانی ئەو ڕێكخراوەیە و بە تایبەت بریندارانی ئەو کارەساتە لە بەر دەوامبوون لە ئەرک و چالاکییەکانی پاش موشەکبارانی بەرز نرخاند. پانێلی یەکەمی ئەم سمینارە، لە لایەن خاتوو شەونم هەمزەیی چالاکی بواری ژنان و ئەندامانی یەکییەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە ژێر ناوی ژنی کورد و خەباتەکەی لە دوو سەنگەری بە بایەخ‌دا پێشکەش کرا. خاتوو شەونم بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژوی خەباتی ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵات باسەکەی دەستپێکرد و پاشان پڕژایە سەر کاروچالاکی ژنانی کورد لە دو بوواری نەتەوەیی و ڕەگەزی و بەچڕی باسی لە چالاکی ژنانی ناوخۆ لە ڕۆژهەڵات بە شێوەی مەدەنیانە کرد . پانێلی دووهەم لە لایەن هاوکار ڕەندیخانی سەرۆکی ڕێکخراوەی چەتر لە ژێر ناوی ڕۆڵ و پێوەندی شەهید سۆهەیلا قادری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی باشوور پێشکەش کرا. بەڕێز هاوکار ڕەندیخانی ئاماژەی بەو کار و چالاکییانە کرد لە ماوەی سکرتێری خاتوو سۆهەیلا لە ڕێکخراوەی یەکییەتی ژنان بە هاوبەشی ئەنجامدراون و زیاتر باسی لە ئازایەتی و ماندوویی‌نەناسی شەهید سۆهەیلا و ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی کرد و پێی وابوو کە شەهیدان نەسرین و سۆهەیلا نموونەیەکی جوان لە ئازایەتیی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. پانێلی سێهەم و کۆتایی لە لایەن خاتوو موژگان عەلیپوور ئەندامی بەڕێوەبەری ئەو ڕێکخراوەیە پێشکەش کرا، خاتوو موژگان باسێکی لە مێژووی سیاسیی خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵات کرد وپێی وابوو کە ئەو مێژوو پڕ لە سەروەرییە پێویستی بە هەڵوێست و خوێندنەوەی نوێ هەیە و ژنانێکی خەباتکاری زۆر لە ئەو ڕێگایە هەبوون کە ناویان وەک سەربازی ون بە شاراوەیی ماوەتەوە و باهەوڵەکان بۆ ناساندنی شەهیدانی ڕێبەر نەسرین و سۆهەیلا زیاتر خەمخۆر بین تا بە جیهان بناسرێن.