کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داواکاری پۆمپێئۆ لە یەکیەتیی ئورووپا

01:44 - 17 خەرمانان 2719

پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە ئورووپاییەکان کرد کە باجگیری لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگرن. ڕۆژی هەینی ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە پێویستە ئورووپاییەکان باجگیری کۆماری ئیسلامی ڕابگرن. حەوتووی ڕابردوودا حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هەر دوو دەزگای یاسادانان و قەزایی ڕێژیمەکەی، بڕیاری دا کە لە یەکێکی دیکە لە بەندەکانی ڕێککەوتنامەی بەرجام بێنە دەرەوە. مایک پۆمپێئۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی لە لایەن کۆماری ئیسلامی بە باجگیری ئەو ڕێژیمە لە ئورووپاییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەو هەنگاوەی ئێران جێگەی قبووڵکردن نییە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای دەوری دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا، تووشی قەیرانی جۆراوجۆر بووە و گرینگترین و هەستیارترینیان مەسەلەی داڕمانی ئابوورییە و نەوت وەک شاڕەگی ئابووریی ئێران ڕێگەی فرۆشتنی لێگیراوە و بەوەش ئابووریی ئێرانی تێکڕووخاندووە. سەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە پەنا بۆ هەر پیلان و باجگیریەک دەبەن و بە خەیاڵی خۆیان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەسلیمی ویستە ناڕەواکانی خۆی دەکەن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ جارێکی تر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە ماکەی تێرۆر ناوبرد و ڕایگەیاند کە ئەمریکا سوورە لە سەر گوشار خستنە سەر ئێران. لەگەڵ ئەوەی کە پێشتردۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بێ شەرت و مەرج ئامادەیی خۆی بۆ وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەربڕیوە و سەرۆک کۆماری فەڕانسە هەوەڵی زۆریدا هەتا بتوانێ هەر دوو سەرۆک کۆمار بەیەکەوە دابنیشن، بەڵام تا ئێستاش هەوڵەکان هیچ ئاکامێکیان نەبووە و کێشەکان هەر قووڵتر و بە ئاقارێکی هەستیاردا تێدەپەڕن.