کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیلانێکی دیکەی ڕێژیم بۆ لە داوخستنی بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەکان

01:48 - 17 خەرمانان 2719

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوت و بێدەنگ کردنی شۆڕشی خەڵکی کوردستان لە هیچ بەرنامە و پیلانێک دریغی نەکردووە و هەر ڕۆژە بە جۆرێک دەیهەوێ زەربە لە شۆڕشی کورد بدا. کاربەدەستنی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕیژیم لەگەڵ ئەوەی کە کاریان سەرکوت و کوشتن و زیندانیکردن و لە سێدارەدانی ئازادیخوازانی کورد و ئێرانییە، لە هەمانکاتدا دەستێکی باڵایان هەیە لە ڕەشەکوژی و پیلانگێڕی و چاندنی تۆی دووبەرەکی لە نێو خەڵکی کوردستاندا. ئەمڕۆژانە کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستیانکردووە بە سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگەکانی کوردستان و وێڕای بردنی لەوحێک لە ئایەتی قوڕئان، لە لایەک داوای لێبوردنیان لە بنەماڵەی شەهیدان کردووە و لە لایەکی دیکەوە هەڕەشەیان لێکردوون کە دەبێ هاوکاریان بکەن. پیلانەکانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردن و چەکدارکردنی خەڵک و پێکهێنانی ڕایەڵکەی جاسووسی تازە نییە و ماوەی چل ساڵە درێژەی هەیە. ڕێژیم بە تەماح وەبەرنان و لە ڕێگەی پووڵ و پارەوە توانیویەتی کەسانێکی بێزراو، بێ شەخسییەت و گەل فرۆش بۆ نیو ڕیزەکانی خۆی ڕابکێشی و بەداخەوە لەو پیلانەیدا کۆمەڵێک نیشتمانفرۆشی کردۆتە داردەستی خۆی و هێندێک لەو جاشە خۆفرۆشانە دەستیان بە خوێنی پێشمەرگە سوور بووە کە بە دڵنیاییەوە لە ڕۆژی خۆیدا دەستی عەداڵەت و دادگای گەل بە سزای خەیانەتەکانی خۆیانیان دەگەیەنێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی کە بە دوای کەسانی خۆفرۆشدا گەڕاوە تا هاوکاریان بکەن، لە هەمان کاتیشدا هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دابوون کە لە کەسوکاری بنەماڵەی شەهیدان، پێشمەرگەکان، دۆستانی شۆڕش و کەسانی نیشتمانپەروەر کەڵک وەربگرن و لە ڕێگای بەرتیل و هەڕەشە و ئەشکەنجە و ئازار ناچاریان بکەن کە هاوکاریی ڕێژیم بکەن، بەڵام کەسوکاری بنەماڵەی شەهیدان کە ڕۆڵەکانیان لە پێناو ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتمانەکەیاندا بەختکردووە و، لەگەڵ ئەوەی کە یەکێک لە خۆشەویستانیان لە دەستداوە، بەڵام لەنێو خەڵکی خۆیاند هەمیشە جێگەی ڕێز و ئیفتخار و شانازین و لەمێژوودا و لەنێو دڵی خەڵکدا بۆ هەتاتایە بە سەربەرزی دەمێننەوە و بەڕیزەوە یادی ڕۆڵە لەدەستچوەکانیان دەکرێتەوە. بێگومان هەوڵ و پیلانی ئەمجارەی ڕێژیمیش وەک جاران لەگەڵ شکست بەرەوڕوو دەبێ و بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و پێشمەرگە ئیفتخار و گەورەیی ڕۆڵەکانیان فیدای قسەی خۆشی ڕیاکارانەی ڕێژیم و بەرتیل و ماددیات ناکەن. کەسانێک کە دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانی ئەوان سوورە و یەکێک لە خۆشەویستترین ڕۆڵەکانیان لێ ستاندوون و خەم و پەژارەیان خستۆتە نێو بنەماڵەکانیان و مناڵەکانیان لە نازی دایک و باوکی پێشمەرگەیان بێناز کردوون، لەلای بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە وەک دژمن و جەللاد و قاتڵ سەیر دەکرێن و کورد گوتەنی خوێن نابێ بە ئاو.