کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یەکەمین ساڵیادی کارەساتی ١٧ی خەرمانان لە مەزارگەی شەهیدان

02:20 - 17 خەرمانان 2719

لە مەزارگەی شەهیدان و تێکۆشەرانی دێموکرات، یادی شەهیدان و قوربانیانی کارەساتی ١٧ی خەرمانان بەرزڕاگیرا. پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٦ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامان و بنەماڵەی سەبەرزی شەهیدان لەسەر گڵکۆی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان ، لە یوڕەسمێک‌دا یادی شەهیدانی قەڵای دێموکرات بەرز ڕاگیرا. پاش سروودی ئەی شەهیدان کە لایەن کوڕێ هونەریی حیزبەوە ئامادەکرا بوو، بەڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد. سەرەتا سۆما حەکیم‌زادە پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکەی پێشەکییەکی بەهەست و سۆزی خوێندەوە. لە یەکەم بڕگەدا بەڕێزی مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان تاجەگوڵینەی ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵیادی کارەساتی ١٧ی خەرمانانی لەسەر گڵکۆی شەهیدان دانا. پاشان بەڕێز مستەفامەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کە بۆ ئەو یادە ئامادەکرا بوو خوێندەوە. لە سەرەتای پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئاوردانەوە لە ڕووداوەکانی مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا هات‌بوو: هەر لە بەرەبەیانی ڕۆژی مووشەکبارانی پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی ئێمە‌دا، دەسەڵاتدارانی تاوانبار و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی ، ٣ بەندیی سیاسیی کورد و، دوو رۆژ دواتریش لاوێکی دیکەی کوردیان لە دار دا تا بە خەیاڵی خۆیان بەڕێوەبەران و بەشدارانی بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستان هاوکات لە دوو ئاستی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا، چاوترسێن بکەن. لە درێژەی پەیامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە لە بەر چاوگرتنی کاردانەوەکانی پاش ١٧ی خەرمانان چەند خاڵی گرینگ ئاماژەی پێ‌درا بوون کە بریتی بوون لە ؛ هاودەردی بەربەرینی خەڵکی کوردستان و هێزو ڕێکخراوە سیاسییەکان بەتایبەتی لە هەر دوو بەشی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە گەڵ حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدەکان، هەروەها مانگرتنی سەرانسەریی خەڵکی رۆژ هەڵاتی کوردستان لە ٢١ی خەرماناندا کە پەیامێکی ئاشکرا بوو بۆ دەسەڵاتدارانی تاران و هەروەها هاو خەمییەکی ئارامکەرەوەو مایەی دڵگەرمی بوو بۆ تێکۆشەرانی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدان. لە بەشی کۆتایی پەیامی دەفتەری سیاسی بە باس کردن لە دۆخی سیاسی و قەیرانەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی و لە سەر پێ‌مانەوەی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو؛ ئەو تاوانەی کۆماری ئیسلامی ساڵێک لەمەوبەر لەدژی پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەنجامی دا، لە مێژووی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێژیمە لەگەڵ نەیارانی خۆی‌دا بێوێنە بوو. دیارە کۆماری ئیسلامیی ئێران ، زۆر تاوانی دیکەشی لە دژی حیزبی دێموکرات ئەنجام داون کە بێوێنەو کەم وێنە بوون، بەڵام حیزبی دێموکرات هەموو جارێ توانیویەتی لە بن ئەو زەبرە گەورانە هەستێتەوە، نهێنی هەستانەوە و بەردەوامیی دێموکرات دوو شت زیاتر نییە، یەکەم پاندیی رێبەران و تێکۆشەران و ئەندامانی ئەو حیزبە بە درێژەدانی ڕێگای شەهیدەکان تاسەرکەوتن، دوویەم خۆشەویستیی ئەم حیزبە لە نێو خەڵکی کوردستان و دڵگەرمبوونی بە خۆشەویستی و پشتیوانی بێسنووری خەڵکی کوردستان. دوای پەیامی دەفەری سیاسی، لە بڕگەیەکی دیکە‌دا شاعیری هەست ناسک و پێشمەرگەدۆست، ڕەسووڵ سوڵتانی شێعرێکی پڕ لە سۆزی کوردایەتیی و وەفاداری بە شەهیدانی پێشکەش کرد. پاشان پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایەن شلێر مەحموودی سکرتێری ئەو ڕێکخراوەیە خوێندرایەوە. لە پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بە ئاماژەدان بە قۆڵایی ئەو کارەساتە کە لە تێکۆشەرانی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کەوت، باسی لە ورەی بەرز و باوەڕی شۆڕشگێڕانەی ژنانی دێموکرات کرا بوو. هەروەها لە درێژەی ئەو پەیامە بە ئاوردانەوەیەک لە ڕۆڵی بەرچاوی سکرتێرە یەک لە دوای یەکەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان شەهیدان نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری لە بارهێنان و پەروەردە منداڵانی دێموکرات، باس لەوە کرابوو کە ئەو دووژنە تێکۆشەرە ئێستاش لە نێوخۆی وڵات بۆنەتە هێمایەک بۆ کچان و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ درێژدان بە خەبات و تێکۆشان. لە بڕگەیەکی دیکەدا تازەلاوی بەهرەمەند "کوردستان عەزیزیان" بە ژەنینی کەمان پارچە مووسیقایەکی پێشکەش بەو کۆڕیادە کرد. لە دوایین بڕگەی یەکەمین ساڵیادی کارەساتی ١٧ی خەرمانان ئامادەبووان وێڕای سەرەخۆشی کردنی دووبارە لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان، چڵە گوڵی وەفادارییان پێش بە گڵکۆی ١٦ شەهیدی ١٧ی خەرمانان کرد.