کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری بانە بۆ جارێکی دیکە یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان بەرزڕاگیرا

21:46 - 17 خەرمانان 2719

بۆ سێیەمین جار لە شاری بانە بە بۆنەی کارەساتی ١٧ی خەرمانان چالاکیی تەبلیغی کرا. بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی کارەساتی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شەهید بوونی پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکڕات و برینداربوونی دەیان کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکانی نێو بنکەکانی حیزب، بە دەستی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە، دەستەیەکی دیکە لە ئەندامان، دۆستان و ئۆگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شاری بانە و چەندین شوێنی دەوروبەری شاری بانە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوەبرد. جێگای سەرنجە کە دڵسۆزانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شەوی ١٦ لەسەر ١٧ی خەرمانان، لە شارەدێی کانی سوور، گوندی سیاومە، گوندی بەنەژاژ و دووڕای کانی هەڵووژە، کانی بەرز، هەمزەڵان، ماماڵ، نوێژگە، کوێزەلی و دەوروبەری پاسگای زەرواوی خواروو و چەندین شوێنی دیکە ناوچەی بانە چالاکیان بەڕێوە بردووە و لەگەڵ یاد و ناوی شەهیدانی کوردستان بەتایبەت شەهیدانی ١٧ی خەرمانان پەیمانی وەفاداریان نوێ کردەوە. هەروەها لەو چالاکییانەدا بە نووسینی دروشم و ڕاگەیەندراوی تایبەت، کۆماری ئیسلامییان بۆ جارێکی دیکە مەحکووم و شەرمەزار کرد. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان سپاس و پێزانینی دووبارەی خۆی پێشکەش بە لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە نێوخۆی وڵات، بەتایبەتی خەڵکی دێموکراتدۆستی بانە دەکا و سڵاویان بۆ دەنێرێ.