کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرانەوەی پێشانگای شەهیدانی ١٧ی خەرمانان لە قەڵای دێموکرات

22:07 - 17 خەرمانان 2719

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرابەر بە ٩ی سێپتامبێری ٢٠١٩ زایینی، پێشانگای وێنەی شەهیدان و ئاسەواری مووشەکبارانی قەڵا کرایەوە. پێشانگای وێنە و کەلوپەل و ئاسەواری مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات بە بەشداریی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات کرایەوە. لەو پێشانگایەدا جل و بەرگی خاکی پێشمەرگایەتی، پووزەوانە و چەک و ڕەختی پێشمەرگە شەهیدەکان، کارتی پێناس، کڵاو و جامانە، پینووس و چاویلکەکانی خوێندنەوەی پەرتووک و ڕۆمانەکانی خۆڕاگری، ڕادیۆی سەردەمی حەماسەکانی شاخ و شەڕ و بەربەرەکانی، وێنە بەجێماوەکانی پێشگیانبەخشین، لەوحی تەقدیر و ڕێز لینانی ڕۆژانی فیداکاری و سەروەری، پێلاوە بەجێماوەکانی شاخ و ئەو کاتژمێرانەی کە ئیتر لەگەڵ دڵی شەهیدەکان لە کار کەوتن. لە بڕگەیەکی دیکەی کرانەوەی پێشانگاکەدا، بەڕێز مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان قسەی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان کرد و ناوبراو وێڕای هاودەردی و بەداخبوون بۆ لە دەستچوونی ڕۆلەکانی گەلەکەمان، باسی لە کارەساتی مووشەکبارانی قەڵا و درێژەدان بە ڕێگەی شەهیدان و بەردەوامبوون لە خەباتدا کرد. لە بڕگەیەکی دیکەدا بە ناشتنی ١٦ نەمام لە لایەن کەسوکاری شەهیدانەوە لە یادی ١٦ شەهیدەکەی مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕاتدا کۆتایی بە کرانەوەی پێشانگاکە هات. شایانی باسە کە لە داهاتووشدا ئەو پێشانگایە بەڕووی میوانەکان و سەردانکەراندا ئاواڵەیە.