کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغی لە شاری ئیلام بەبۆنەی ساڵڕۆژی کارەساتی ١٧ی خەرمانان

00:44 - 18 خەرمانان 2719

لە شاری کوردپەروەری ئیلام بەبۆنەی یەکەمین ساڵیادی کارەساتی ١٧ی خەرمانان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوەچوو و بۆ جاریکی دیکە کۆماری ئیسلامییان مەحکووم‌کرد. دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە کارەساتی دڵتەزێنی موشەکبارانی قەڵای دێموکرات و شەهیدبوونی پۆلێک لە پێشمەرگە بەبیر و باوەڕەکانی حیزبی دێموکرات، لایەنگران و ئەندامانی ئازای دێموکرات لە شاری سەربەرزی ئیلام چالاکیی تەبلیغیان بەڕێوە برد و بۆ جارێکی دیکە پەیمانی وەفا و بەڵێنیان لەگەڵ شەهیدان و ڕێبازی خەباتی حیزبی دێموکرات زیندوو کردەوە و هەروەها کۆماری ئیسلامییان مەحکووم‌کرد. لە شەو و ڕۆژانی ڕابردوو بە بۆنەی ١٧ی خەرمانان ، هاوڕێیان و ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری ئیلام بە بڵاوکردنەوەی تراکت و نووسینی درووشم لە شەقام و کۆڵانەکانی نێو شار و بڵاو کردنەوەی نووسراوەی تایبەت بە ساڵیادی کارەساتی دڵهەژێنی مووشەکباران بۆ جارێکی دیکە سەلماندیان کە وەکوو بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا کۆتایی و ڕۆژی سەربەستیی گەل و نیشتمان بە حیزبی دێموکرات و ڕێبازی دوور و درێژی شەهیدان وەفادارن و هەردەم پاڵپشتی تێکۆشەرانی دێموکراتن. کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پێسکەش کردنی سپاس و پێزانین بۆ سەرجەم خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری ئیلام، دەستخۆشییان لێدەکا و سلاویان بۆ دەنێرێت.