کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی یەکەمین ساڵوەگەڕی تاوانەکانی ١٧خەرمانان

00:54 - 18 خەرمانان 2719

  کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان! حیزب و ڕێکخراوە خەباتگێڕەکانی کوردستان و ئێران! یەک ساڵ لەمەوبەر رۆژی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وحیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەدەوروبەری شاری کۆیە کەوتنە بەر پەلاماری مووشەکیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر لە هەمان ڕۆژ دا، زیندانی سیاسی ناسراوی کومه له “ڕامین حوسەین پەناهی” و، “لوقمان مورادی” و “زانیار مورادی" لە سێدارە دران و چوونە ڕیزی کاروانی شەهیدانی کوردستانەوە. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حیزبی دیموکرات ۱٤ ئەندامی رێبەری و کادر و پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و ۲ مامۆستای فێرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران ،شەهیدبوون. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەمووشەکبارانی بنکەو بارەگاکانی حیزبی دیموکرات و هاوکات لە سێدارەدانی پۆلێک لە لاوانی شورشگیر و تێکۆشەری کورد دەیانهەویست بە خەیاڵی خۆیان حیزبەکانی کوردستانی ئێران و چالاکان و نیشتیمانپەروەرانی کوردستان لە نێوخۆ و دەرەوەی سنوورەکان بترسێنن و، ئەو پەیامە بە نێوخۆی ئێران ،کوردستان و دەرەوەی سنورەکانی ئێران بدەن کە کۆماری ئیسلامی بەهێزەو لە هەموو حالەتێک دا توانای هێرش و پەلامار بۆ سەر هێز و لایەنە خەباتگێڕەکانی کوردستانی هەیە. بەڵام دیتمان خەڵکی کوردستان لە رۆژی ٢١ی خەرمانان‌دا بە دەنگی حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن و بە پشتیوانی لە هێزە سیاسییە خەباتگێرەکانیان حەماسەیەکی کەم وێنەیان وەڕێ خست. خەڵکی کوردستان، پێشوازییان لە بانگەوازی حیزب و لایەنەسیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و بە تایبەتی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" کرد و بە وەڕێخستنی مانگرتنێکی سەرانسەری و گشتی، تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خۆیان لە هەر دوو تاوانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. ئەو پێشوازی و بە دەنگەوە هاتنەی خەڵک بە چەشنێک بەرین و سەرانسەری بوو کە بێزراوبوونی ئەو ڕێژیمە لە نێو خەڵکی کوردستانی بە باشترین شێوە پێشان دایەوە. هەر بۆیە دەتوانین بە راشکاوی بڵێین کە مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، لاپەڕەیەکی پڕشنگدارە لە مێژووی ناڕەزایەتی دەربڕینی گشتی و خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی دا. ئەم مانگرتنە گشتی و سەرانسەرییە جارێکی دیکە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی سەلماندەوە کە خەڵکی کوردستان پشتیوانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و، ٣٩ ساڵ سیاسەتی سەرکوتکەرانە و زەبروزەنگی ئەو ڕێژیمە نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییە خەباتگێڕەکانیان لێک داببرێ. پەیامی ٢١ی خەرمانان ئەگەر لەلایەک ژان و ئازاری لە دەستدانی پۆلێک سەرکردە و کادر و پێشمەرگەی شەهید و سێ لاوی تێکۆشەری لە سێدارەدراوی کەم کردەوە، لە لایەکی دیکە ترس و خۆفی خستەوە نێو گیانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بەتایبەتی ئەو کاربەدەست و دام و دەزگایانەی لە ژیر سێبەری مووشەک و تۆپخانە و سەرنێزە لە کوردستان حوکمڕانی دەکەن. تاوانەکانی ١٧ی خەرمانانی ساڵی رابردوو، هەر بەو رادەیە کە دڕندەیی و نێوەرۆکی کۆمەڵکوژانە، تیرۆریستی و دەستدرێژکارانەی هیرش و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادیخوازی و شۆڕشگێرانەی کوردستانیان پێشان دایەوە، سەلمێنەری وەحشەتی ئەو ڕێژیمە لە کوردستان وەک ناوەندی خەبات و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامییش بوون. خەبات و بەربەرەکانییەک کە لە ماوەی یەکساڵی رابردوو دا، سەرەڕای زۆرتربوونی دڕەندەیی و زەبر و زەنگی هێز و دام و دەزگا سەرکوتکەرەکان لە کوردستان، درێژەی هەبووە و ڕووی لە هەڵکشان کردوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە یەکساڵەی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان‌دا، وێڕای مەحکوومکردنەوەی ئەو تاوانانە، سڵاو بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدەکان دەنێرێ‌ و هاوخەمیی خۆی لە گەڵ بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی ئەم پۆلە گەورە لە تێکۆشەرانی شەهیدی کوردستان دووپات دەکاتەوە. هەر لەم بۆنەیە دا پێزانینی خۆمان لە ئاست هەڵوێستی وشیارانە و ئازایانەی خەڵکی کوردستان و دەربڕینی هاوپیوەندی و پشتیوانییان لە هێزە سیاسییەکانی خۆیان کە مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانان لوتکەی ئەم هەڵوێستەیان بوو، ڕادەگەیەنینەوە. بە جێیە لەم بۆنەیە‌دا جارێکی دیکە سوپاسی خۆمان بۆ سەرجەم هێز و لایەن و کەسایەتیە سیاسی و خەباتکارەکانی کوردستان و ئێران کە لەم کارەساتە دا، هاودەنگ، هاوخەم و هاوکار و پشتیوانمان بوون، دووبارە بکەینەوە. لە یەکساڵەی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان دا، جارێکیتر دووپاتی دەکەینەوە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی کوردستان و خەباتی ئێمە هیزە سیاسییەکانی نێو ئەو بزووتنەوەیە، دڵگەرم و پشت ئەستوور بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو پیلان و هەوڵە شوومەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، درێژەی دەبێ. بێگومان لە بەردەوامی و درێژەدانی ئەو ئەرکە پڕشانازییەش‌دا، پەیامی هەمیشەیی خەڵکی کوردستانی بۆ هێزە سیاسییەکان کە داوای یەکگرتوویی، هاوخەباتی، هاوپەیمانی و پشت بەستن بە یەکتر بووە، لەبەرچاومان ون نابێ. جارێکی تر یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەموو ئەو شەهیدانەی کە لەپێناو ی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد گیانی خۆیان بەخت کردوە بەرز ڕادەگرین و، بەڵێن دەدەین کە بە لێبڕاویی زیاترەوە بۆ وەدیهاتنی ئاواتە بەرزەکانیان تێ بکۆشین. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٨ی هەتاوی ٨ی سێپتەمبری ٢٠١٩