کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی دایکی دوو شەهیدی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکرات

21:35 - 18 خەرمانان 2719

بەپێی هەواڵێک کە بە دەستمان گەیشتووە، دوێنێ ڕۆژی ١٧ی خەرمانان دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات ماڵاوایی لە ژیان کردووە. خاتوو گەوهەر مام عەزیزی خەڵکی شاری مەهاباد و دایکی دوو ڕۆڵەی ئەمەگناسی حیزبی دێموکرات بە ناوەکانی شەهیدان، عوسمان و کەماڵ ئوستادئیبراهیمی، ڕۆژی ١٧ی خەرمانان لەوپەڕی تەمەنێکی پڕاوپڕ لە شانازی و شەڕەف بەهۆی نەخۆشیی کوتوپڕ و ئازارێکی زۆر لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تەورێز گیانی بە نیشتمان سپارد. ئەو دایکە تێکۆشەرە دوو ڕۆڵە و جگەرگۆشەی خۆی پێشکەش بە شۆڕشی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد کرد و تا مابوو بەسەربەرزییەوە سەری هەڵ دەهێنایەوە. شەهیدان عوسمان و کەماڵ، هەردوو دوو ڕۆڵەی ئازا و بە جەرگی دێموکرات بوونە و لە زۆربەی شەڕە سەختەکانی حیزبدا بەشداریان کردوەو هە لە سەنگەری خەباتدا گیانیان پێشکەش بە ئازادی کوردستان کرد. شایانی باسە کە شەهید کەماڵ، بۆ ماوەیەک بەرپرسی هێزی بەیان لە ناوچەی بۆکان بووە و زۆرها قارەمانییەتیی خولقاندووە و دوژمنی وەزاڵە هێناوە. بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو دایکە خۆشەویستەی گەل و نیشتمان، ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی هەموو شەهیدان و بەتایبەت بنەماڵەی دایە گەوهەر مام‌عەزیزی دەکات و هیوای سەربەرزیان بۆ بە ئاوات دەخوازێ.