کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلی پەروین: فیفا ناچارمان دەکا ڕێگەی یاریگاکان بۆ ژنان بکەینەوە

21:40 - 18 خەرمانان 2719

عەلی پەروین یاریچی پێشووی تیمی میللی ئێران ڕایگەیاند کە فیفا ناچارمان دەکا کە ڕێگە بە ژنان بدەین بێنە نێو یاریگاکان و و پێویستە دەوڵەت پێش گوشاری فیفا بە شێوەی ئیختیاری لەو بارەوە بڕیارێک دەربکا و ڕێگە بە ژنان بدات بۆ سەیری یاریەکان بێنە نێو یاریگاکانەوە. ناوبراو گوتی: "هەر وەک چۆن فیفا پێشتر لە یارییەکانی ئاسیادا ناچاری کردین کە ڕێگە بە ژنان بدەین، بێگومان لە داهاتووشدا تووشی بڕیارێکی لەو چەشنە دەبین". ناوبراو هەر لە پێوەندیی لەگەڵ بەشداریی ژنان لە یاریگاکاندا ڕایگەیاند کە ئێستا باوکەکان زۆر نیگەرانی مناڵەکانیانن و ئەگەر ژنان بێنە نێو گۆڕەپانەکان ئەمنییەتی مناڵەکانیش زیاتر دەبێ. شایانی باسە کە دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئاخوندی، ژنان زۆر لە مافەکانیان پێشێل کرا و بەشداریی ژنان لە شوێنە گشتییەکانی وەک یارییەکانی فوتباڵ هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دژکردەوەی ژنان بەرەوڕوو بۆوە، بەڵام کاربەدەستانی حکوومەت بە سەرکوت و زەبر و زەنگ بەشداریی ژنانیان لەو شوێنانە بە دژایەتی لەگەڵ یاساکانی ئیسلام و قوڕئان ناوبرد و ژنانی ئێرانیان لەو شوێنانە بێبەش کردوە. پێشتر بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لە هەمبەر ڕێگە پێنەدانی ژنان بۆ یاریگاکان، چەند کچێک دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەکان کران و لەوانیش وەک دژکردەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ئەو دژکردەوەی کچانی ئێرانی و بڕیاری ڕێگەپێنەدان لە لایەن دەوڵەتەوە، بۆتە باسێکی گەرمی ئەمڕۆژانە و هەر چەند کاربەدەستانی ڕێژیم لە ژێر گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا قەولیان داوە کە لەو بارەوە بڕیارێک دەربکەن و ڕێگە بە ژنان بدەن بێنە سەیر یارییەکان لە یاریگەکانی وڵاتدا، بەڵام تا ئێستاش ئەو بڕیارە یەکلایی نەبۆتەوە.