کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاژانسی وزەی ناوکی: ئێران بە پێجەوانەی ڕێککەوتننامەی بەرجام جووڵاوەتەوە

17:38 - 20 خەرمانان 2719

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی پشتڕاستیکردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی بەرجام، سانتیسفۆری پێشکەوتووی بەکارهێناوە. ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتننامەی بەرجامی ئیمزا کردووە، بەڵام ئێستا بەندێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردووە. ئەو ئاژانسە لە کاتی سەردانی ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی٣٠ دەزگا سانتیسفۆری "ئای ئاڕ" ٦ی بەکارهێناوە یا خەریکی بەکارهێنانیەتی. وڵاتانی ئورووپایی نیگەرانی خۆیان لەو پێشێلکارییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕیوە و ڕایانگەیاندوە کە ئەو هەنگاوەی ئێران، دۆخی وتووێژەکان بەرەو ئاقارێکی ئەستەم دەبا. کێشەی ناوکی ئێران ساڵانێکە یەکێک لە پرسە گرینگەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. لەگەڵ ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەمیشە حاشای لەوە کردووە کە لە هەوڵی وەدەست هێنانی چەکی ناوکی دابێ، بەڵام وڵاتانی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان باوەڕ بەو قسانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ناکەن و بۆ پێشگیری لە دەستوێڕاگەیشتنی ڕێژیم بە چەکی ناوکی، چوارچێوە و سنووریان بۆ ڕێژیم دیاریکردوە. لەگەڵ ئەوەی کە چەند وڵاتێکی جیهان خاوەن چەکی ئەتۆمین، بەڵام سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و کردەوە تێرۆریستیەکانی ڕێژیم و بناژۆخوازی ئەو ڕێژیمە وایکردووە کە ڕێکخراوە پێوەندیدارەکان و وڵاتانی جیهان باوەڕ بە سیاسەتی فێڵبازانەی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە نەکەن و بۆ پێشگیری لە وەدەستهێنانی ئەو چەکە کۆمەڵکوژییە لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕێککەوتنێکی دیکەیان بە ناوی بەرجام لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئیمزا کرد و هەموو ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی ئەو چەکەیان لە ئێران داخست. بێگومان دەسبەکاربوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەو ناوەندانەدا و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان بۆ جارێکی تر کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەوڕوو دەکاتەوە و کێشە و تەنگژەکان بە زیانی کۆماری ئیسلامی دەشکێنەوە.