کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لەندەن

17:46 - 20 خەرمانان 2719

ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٨ی سپتامبری ٢٠١٩ کاتژمێری ٢ی پاشنیوەرۆ، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا بە مەبەستی مەحکوومکردنی ٢٧مین ساڵیادی تێرۆی ناجوامێرانەی رێبەری زانا و ھەمیشە زینددوو، دکتور سادق شەرەفکەندی و ھاورێیانی لە رێستورانی میکۆنوس و ھەروەھا یەکەمین ساڵوەگەری مووشەکبارانی قەڵای ھەمیشە خۆڕاگری دێموکرات بە دەستی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئێسلامی، خۆپیشاندانێکیان بە بەشداریی سەدان کەس لە ئەندام، دۆست و لایانگرانی حیزب و نوێنەری چەند ڕێکخراوی دۆست و هاوپەیمان، لە بەر دەم باڵوێزخانەی ڕژیمی ئیسلامی لە شاری لەندەن ڕێکخست. ئەم خۆپیشاندانە گەورەیە بە چرکەیەک بێدەنگی لە لایەن بەشداربووانەوە دەستی پێکرد و دواتر سروودی ئەری رەقیب و دواتر سروودی ئەی شەهیدان لەلایەن بەشدار بووانەوە دەستپێکی بەرنامەکە بوو. پاشان کەیوان شێرزاد بە کۆرتی باسی سیاسەتی٤٠ ساڵەی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانی دژ بە حیزبی دێموکرات وگەلی کورد کرد و چۆنێتی تێرۆری دکتور شەرەفکەندی و ھاورێیانی وە ھەروەھا مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و تەقینەوەکەی شەوی یەڵدای خوێناوی و هەروەها شەهید کردنی ٤ ئەندامی حیزبەکەمان لە حەوتووی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ئەو ڕێژیمە فاشیستە بۆ بەشداربووان هێنایەوە بەرباس. هەڵکردنی مۆم بەنیشانەی رێز و وەفا بۆشەهیدان لەلایەن بەشداربووانەوە بەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانە بوو. دواتر خۆپیشاندانەکە بە دروشمی جۆراوجۆری کوردی و فارسی و ئینگلیزی هەروەها چەندین پەخشان و سروودی شۆرشگێری بۆ مەحکومکردنی ئەو کردەوە تێرۆریستیانە درێژەی کێشا. ئەدیسۆن فەرامەرزی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بریتانیا پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێشکەشی بەشدار بووان کرد. کە لە بەشێک لەو پەیامەدا هاتبوو؛ رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، پێنج (٥) ڕۆژ دوای ئەو کردەوە تێرۆریستییە، وڵامێکی پڕ لە بێزاری و تووڕەیی خامۆشی لە خەڵکی کوردستان وەرگرتەوە. خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا بە وەڕێخستنی مانگرتنی گشتی، کاریگەرترین وڵامیان بە تاوانی مووشەکبارانی قەڵای دیموکرات و تاوانەکانی دیکە دایەوە. هەر بۆیە لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە، مانگرتنی گشتیی ٢١ی خەرمانانی کوردستان، حەماسەیەکی نەتەوەیی و خەباتگێڕانەی پڕشکۆی ڕۆژهەڵات، ڕێفراندۆمێک بۆ ڕاگەیاندنی هاودەنگیی خەڵکی کوردستان لە پشتگیرییان بۆ تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، بەتایبەتی ١٧ ی خەرمانان بوو. چوونکە سەرجەمی ئەو کردەوە دژی ئینسانیانە ویژدانی میللیان هەژاند. لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە حافز فازلی ئەندامی دەفتەری سیاسی حیزبی تەزامون ئەهواز بەنوێنەرایەتیی شورای دێموکراسی خوازان چەند وتەیەکی لەو پێوەندیەدا پێشکەش کرد و وێڕای مەحکوم کردنی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات،جەختی لەوەکردەوە کە ھەموو نەتەوەکانی ئێران دەبێت دژی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئێسلامی ئێران یەکرەنگ و یەکدەنگ بن. لە کۆتایی بەرنامەکە کاوە مودەرسی لەلایەن کۆمیتەوە سپاسی بەشداربووانی کرد و بەڵێنی دا بە خۆێنی شەھیدان کە تا دوا ھەناسە بەردەوام بن لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان. جێگای ئاماژەیە کە شوێنی خۆپێشاندانەکە بە ئاڵا و ئارم و دروشم و وێنەی رێبەرانی شەهید و هەروەها وێنەی مووشكبارانی ١٧ی خەرمان و هەروەها پەیامێك بەئینگیزی لەسەر رووداوەکەی ٨ی سپتامبر لەنێو خەڵکانی بیانی بڵاوکرایەوە.