کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ خستنە سەر گرووپە تێرۆریستییەکانی حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان لەلایەن ئەمریکاوە

02:31 - 21 خەرمانان 2719

هێزە چەکدارەکانی سپای قودس و حەماس و حیزبوڵای لوبنان کە هەموویان سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین و هەر لەوێشەوە هەموو جۆرە پشتیوانیەکیان لێ دەکرێ، لەلایەن وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکاوە کەوتنە لیستی نوێی گەمارۆکانەوە. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئستیڤ مەنووچێن، وەزیری خەزانەداریی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خەرمانان لە دانیشتنێکیدا ڕایانگەیاند کە هەندێ گەمارۆی نوێ خراوەتە سەر ئەو گرووپە تێرۆریستییانە. ئستیڤ مەنووچێن لەوبارەوە گوتی کە ئەو گەمارۆیانە سەبارەت بە ١٥ کەسن کە سەرکردەکانی سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان و حەماس و ئەلقاعدە کە هەموویان بە تێرۆریست ناسراون. شایانی باسە کە ناوبراو سەبارەت بە گەمارۆیانە ڕوونکردنەوەی زیاتری نەبوو بەڵام کاتژمێرێک دواتر، وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا لەو بارەوە ڕاپۆرتێکی دەرکرد وڕایگەیاند کە ٢١ کەس و چەند ئورگانێکی سەر بەو گرووپانە بە لیستی ڕەشی گەمارۆکانی ئەمریکا زیاد بوونە. جێگای خۆیەتی کە ئاماژە بە هەندێ خاڵی تایبەتی بکرێ کە ئەو گرووپە تێرۆریستییانە بە باشترین شێوە بناسرێت بە جیهان بۆ نمونە ئەو چەکدارانەی حەماس،حیزبوڵای لوبنان و سپای قودس، هەموو سەر بە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامین و بۆ مەبەست و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی کار دەکەن و هەموو جۆرە پشتیوانییەک لە کۆماری ئیسلامی وەردەگرن. یەکێک لەو کەسانە کە لەلایەن وەزارەت خەزانەداریی ئەمریکاوە گەمارۆ دراوە، موحەممەد سەعید ئیزەدی، نوێنەری سپای قودسی کۆماری ئیسلامییە لە لوبنان. هەروەها زاهیر جەبباریان، بەرپرسی پێوەندیی ماڵی و ئابووریی نێوان کۆماری ئیسلامی و حەماسە کە ئەویش گەمارۆ دراوە. شایانی باسە کە وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا بەبۆنەی ساڵڕۆژی ١١ی سێپتامبر ئەو کارەی کردووە و ڕایگەیاندووە کە زیاتر هەوڵ دەدات کە ئەو گرووپانە ئاشکرا بکات.