کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان و هەڵوێستێکی ژیرانەو بوێرانەی خەڵکی کوردستان

00:36 - 22 خەرمانان 2719

مانگرتنی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە کردەوە تێرۆریستییەکەی ١٧ی خەرمانان و مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات و لە سێدارەدانی لاوانی کورد، وەڵامێکی توند بوو بە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ساڵێک بەر لە ئێستا لە١٧ ی خەرماناندا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشێکی مووشەکیی کردە سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە قەڵای دێموکڕات هەڵکووتوو لە نزیک شاری کۆیەی باشووری کوردستان. لەو مووشەکبارانەدا بەداخەوە ١٦ تێکۆشەری حیزبی دێموکڕات شەهید بوون کە ٦ کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزب بوون و زیاتر لە ٤٠ کەسیش لە کادر و پێشمەرگەکان و ژن و مناڵ بریندار بوون. هەر لەو ڕۆژەدا ٣ کەس لە لاوانی کورد لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا لە سێدارە دران. هەر چوار ڕۆژ دوای ئەو هێرشە بۆ سەر تێکۆشەرانی کورد، لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەڵوێستێکی کەم وێنەدا بۆ دژایەتی لەگەڵ کردەوە تێرۆریستیەکەی سەر قەڵای دێموکڕات و لەسێدارەدانی لاوانی کورد، ناڕەزایەتی و دژایەتیی خۆیان ڕوو بە ڕێژیم دەربڕی. لەو ڕۆژە مێژووییەدا خەڵکی کوردستان لە ماڵەکانی خۆیاندا مانەوە و هەموو دووکان و بازاڕەکانیان داخست. خەڵکی کوردستان بەو هەڵوێستە بوێرانە بۆ جارێکی دیکە بە دژمنانی کورد و حاکمانی تارانیان ڕاگەیاند کە کوشتنی ڕۆڵەکانیان قبووڵ ناکەن و پێوەندی خەڵک و شۆڕشگێرانی کورد پێوەندییەکی ڕیشەدارە و خەڵک و پێشمەرگە بە هیچ زاڵم و زۆردارێک لە یەک جیا نابنەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەمیشە بە چاوی ئەمنییەتی سەیری کوردستانی کردوە و کورد بە چاوی دوژمن و نەیار سەیر دەکا، لەسەر ئەو باوەڕە نەبوو کە خەڵک ئاوا یەکدەنگ و یەکگرتوانە بەرهەڵستی کردەوە ئینسانکوژی و سیاسەتە تێرۆریستییەکانی بنەوە و بە خەیاڵی خاوی خۆی بە میلیتاریزەکردنی کوردستان و تێخزاندنی هێزێکی زۆری ڕەشی سەرکوت و زەبروزەنگ توانیویەتی خەڵک و هێزە تێکۆشەرە خەباتگێڕەکانی کورد لە یەک داببڕێ، بەڵام ئەو هەڵوێستە جوامێرانەی خەڵکی کورد خەون و پیلانەکانی دوژمنی کردە بڵقی سەر ئاو و ئەوەیان بە گوێی دژمن دادایەوە کە مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات و پەت و سێدارە ئەوان و ڕۆڵەکانیان لە خەبات سارد ناکاتەوە. هەڵوێستی بوێرانەی خەڵکی کوردستان بۆ جارێکی تر بە جیهانی سەلماند کە کورد زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتی قبووڵ ناکا و حوکم و دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتدەکاتەوە. مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان "نا"یەکی توند بوو بە ڕێژیم کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تووشی شۆک کرد و لە هەمان کاتدا ئەو هەڵوێستە لە لایەن ئازادیخوازانی ئێرانی بەڕێزەوە سەیری کرا و بوو نموونە و دەرسێک بۆ داهاتووی خەباتی جەماوەری و مەدەنی لە ئێڕاندا. مانگرتنی ٢١ی خەرمانان لەگەڵ ئەوەی کە چەند پاتکردنەوەی هاوپێوەندی و بە یەکەوە بوونی خەڵک و ڕۆڵە شۆرشگێرەکانی بوو، لە هەمانکاتدا پەیامێک بوو بۆ کۆدەنگی و یەکگرتووی هێزە خەباتگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەتکردنەوەی ئەو دەسەڵاتەی کە ماوەی چل ساڵە دەیهەوێ خەبات و تێکۆشانی کورد کەمڕەنگ و بێ ڕەنگ بکاتەوە و کوردستان و کورد بێدەنگ بکا. ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پێویستی دەزانێ لە ساڵڕۆژی حەماسەی ئازایانەو ژیرانە خەڵکی کورد لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی بۆ جارێکی دیکە سپاس وپێزانینی خۆی پێشکەش بەو خەڵکە تێکۆشەرە بکات کە سەلماندویانە هەمووکاتێک پشت و پەنای قەڵای خۆڕاگریی دێموکرات و سەرجەم تێکۆشەرانی ئازادیخوازی گەلەکەیانن.