کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێکی تایبەت بە مانگرتنی مێژوویی ٢١ی خەرمانان

00:39 - 22 خەرمانان 2719

ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢١ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی بە بۆنەی مانگرتنی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان لەوەها ڕۆژێک‌دا لە قەڵای دێموکرات سمینارێک بەو بۆنەوە بە دەسپێشخەریی یەکیەتیی نەتەوەیی خوێندکارانی کورد بەڕێوەچوو. ئەو سمینارە کە تایبەت بوو بە لێکدانەوە و کاردانەوەکانی مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو کە زۆربەی خەڵکی کوردستان وێڕای مەحکووم‌کردنی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و لە سێدارەدانی سێ بەندیی سیاسیی کورد لە سێ بڕگەدا بەڕێوەچوو. سەرەتا سیمینارەکە خولەکێک بێدەنگی هەم بۆ یادی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەم بۆ وەفاداریی نواندن لە هەڵوێستی بوێرانەی خەڵکی ڕۆژهەڵات ڕاگیرا. لە بڕگەی یەکەم‌دا پێشکەشکار هەردی سەلیمی پێشەکییەکی پوختی لەسەر مانگرتن و خۆپێشاندانەکان لە چل ساڵەی ڕابردوو لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا خوێندوەو ئاماژەی بە کۆمەلێک نموونە لە مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دابوو کە بە بۆنەی جیاجیاکانەوە لە کوردستان بەڕێوەچووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وەکوو بزاڤێکی مەدەنی لە گەشە سەندن دایە. پاشان شارۆخ حەسەن‌زادە بابەتی سمینارەکەی لە ژێر ناوی "مێتۆدی بەرگری کردنی شار لە قەڵای دێموکرات" پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ناوبراو سەرەتای باسەکەی بە نەتەوەخوازی شێوەی دەسپێک و گەشەی ناسیۆنالیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەس‌پێکرد و لەو بارەوە کۆمەڵێک فاکتی زانستی و مێژوویی خستەڕوو. شارۆخ حەسەن‌زادە بە ئاوڕدانەوەیەک لە سەروبەندی شۆرشی گەلان لە ئێران واتە ساڵی ٥٧ی هەتاوی بە وردی باسی لە جموجۆڵە مەدەنییەکان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان کرد کە هەموویان لە ڕەهەندی جێخستنی نەتەوەخوازیدا کاریگەریی ئەرێنییان هەبووەو ٢١ی خەرمانان لە بەرچاوترین نموونەکانی ناڕەزایەتیی مەدەنییەکانی ئەم ساڵانەی کوردستانە کە دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکرێ و بەیاخی تایبەتی تری پێ‌بدرێ. ناوبراو لە درێژی باسەکەی‌دا بە ئاماژەدان بە چەند نموونەی دیکە لە مانگرتن و خۆپێشاندان و هاتنەسەر شەقامی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی کردنی خەڵکی کوردستان لە تێکۆشەرانی دێموکرات و هەروەها مەحکووم‌کردنی دەسەڵات لە ٢١ی خەرمانان بە یەک لە بەرهەم و دەسکەوتەکانی خەباتی نەتەوەخوازی لە کوردستان لە قەڵەم‌دا و هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ مێتۆدی خەبات و جوڵەی مەدەنیانە کوردستانی بە شوێنێکی لەسەر هەست و خاوەن خەللاقییەت لە ئاستی ئێراندا زانی. لەو بارەوەش ئاماژەی بە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی کوردستان بە نیسبەت ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان دا. لە بڕگەی سێیەمی ئەو سمینارەدا کۆمەڵیک لە بەشداربووان بە باسکردنی تێبینی و پرسیار و سەرنجی خۆیان کۆڕەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.