کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بەڵێنەکانی ڕووحانی

00:43 - 22 خەرمانان 2719

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژ بە قسەکانی حەسەن ڕووحانی لەسەر بەشداریی ژنان لە یاریگاکاندا هەڵوێستیان گرت. بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ جارێکیتر حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێرانیان دایە بەر ڕەخنە لەسەر ئەو قسانەی کە لە پێوەندی لە گەڵ خۆسووتاندنی کچێک و ڕێگەپێدانی ژنان لە یاریگاکاندا باسی لێکردبوون. حەسەن ڕووحانی بۆ جارێکی تر بۆ فریودان و هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕایگەیاند کە بۆ چارەسەرکردنی ڕێگەپێدانی ژنان بۆ نیو یاریگاکان پێویستە خەڵک بەشداریی بەرچاویان هەبێ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیس و سەرۆک کۆمارییدا. حەسەن ڕووحانی یەکێک لەو ئاخوندە فێڵبازانەیە کە بە نەرم و نیانی ڕووهەڵماڵاوییەوە دەیهەوێ خۆی بە دژبەری توندڕۆکانی سەر دەسەڵات پێشانی خەڵک بدا و بڵێ ئەوە من نیم کە ڕێگری لە ئازادییەکان دەکەم. ڕووحانی لە دوو دەورەی سەرۆک کۆمارییدا ئەو هەموو قەول و بەڵینەیدا، بەڵام پێبەندی هیچکام لە بەڵێنەکانی نەبوو. لە دوو دەورەی سەرۆک کۆماریی ناوبراودا نەک هەر هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ دابینکردنی ئازادییەکان نەهاتۆتە دی، بەڵکوو لە دەورانی دەسەڵاتی ناوبراودا زۆرترین زیندانی و زۆرترین لە سێدارەدان هەبوە. گەلانی ئێران دوای چل ساڵ پێویستە ئەوە بزانن کە گۆڕانی سیماکان هیچ ئاڵووگۆڕێک بە قازانجی خەڵک پێک ناهێنێ و ئاخوندەکان هەموویان پێڕەوی یەک ڕێگە و ڕێبازن کە ئەویش دژایەتی ئازادی و مافە ئینسانی و ئازادییەکانی گەلانی ئێرانە. بە گۆڕینی ئاخوندەکان مافە ئینسانییەکانی گەلانی ئێران دابین ناکرێن و خەڵک بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان پێویستە بێنە سەرشەقامەکان و لە بناغەوە ئەو دەوڵەتە تێرۆریستە ئازادیی کوژە هەڵوەشێنن و حکوومەتێکی ئازاد و دێموکڕاتیک بونیاد بنێن.