کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونی چارەنووسی توێژەرێکی دەسبەسەرکراوی کورد

00:47 - 22 خەرمانان 2719

دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەر کرانی "کامیل ئەحمەدی" توێژەری کورد و دانیشتووی بریتانیا، سەرەڕای بە دواداچوونی زۆری بنەماڵەکەی چارەنووسی ناوبراو هەروا ناڕوونە و هەوڵەکانیان بێ‌ئاکام ماونەوە. بە پێی هەواڵی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، "کامیل ئەحمەدی " نووسەر و توێژەری کورد، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری تاران دەسبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەر کرانی ئەو توێژەرە کوردە هێشتا بڕیاری دەسبەسەر کردنی کاتی هەیە و هۆی دەسبەسەرکرانی پێڕانەگەیەنراوە و سەرەڕای بەدواداچوونی زۆری بنەماڵەکەی لە شوێنی دەسبەسەرکردنی هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. جێی ئاماژەیە کە " کامیل ئەحمەدی" توێژەری کورد خەڵکی شاری نەغەدەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی بریتانیایە کە ئێستا لە چوارچێوەی چالاکیی مرۆڤناسی و خەسارناسی کۆمەڵایەتی و بواری ژنان، بە زۆر بە شوودانی کچان، پەروەردەی منداڵان، مافەکانی کەمینە نەتەوەییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاردەکا و لەو بوارەدا ئەزموونێکی زۆری هەیە، ئەو توێژەرە کوردە توانی لە ساڵی ٢٠١٧ دا خەڵاتی کە (IKWRO) هەر ساڵە بە یەکێک لە توێژەر و نووسەرانی بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی دەدرێت بە دەست بێنێت. کامیل ئەحمەدی ساڵی ڕابردوو بە هۆی چالاکیی و توێژینەوەی لە بوارەکانی خەسارناسی کۆمەڵایەتی لە سەر پەروەردە، ڕەگەز، منداڵان، و کەمینەکان، خەڵاتی ئەدەبیات و زانستی ئینسانیی ڕێکخراوی جیهانی ئاشتی لە زانکۆی جۆرج واشنگتۆنی پێبەخشرا.