کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژی ٢١ی خەرمانان پۆلێكی دیکە لە لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەست‌بوون بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە

16:08 - 23 خەرمانان 2719

پۆلێکی دیکە لە لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای تێپەڕ کردنی سەرکەوتووانەی دەورەی ٢٣٤ی سیاسی – نیزامیی پێشمەرگایەتی، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگانەیان پۆشی. پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەرمانانی ٩٨ی هەتاوی لە کەشێکی پێشمەرگانە‌دا دەورەی ٢٣٤ی سەرەتایی پێشمەرگە لە فێرگەی سیاسی- نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆتایی پێهات. لەو ڕێوڕەسمە‌دا سەرەتا پاش سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕێژەو مەشقی نیزامی و نمایشی سەربازیی لە لایەن بەشداربووانی دەوری ٢٣٤ی سەرەتایی پێشمەرگەوە، بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدان ڕێوڕەسمەکە دەستی‌پێکرد. لە بڕگەی یەکەم‌دا بەڕێز عومەرباڵەکی ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان پەیامێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێز عومەر باڵەکی لە سەرەتای قەسەکانی‌دا بە ئاماژەدان بە رووداوەکانی مانگی خەرمانان لە ڕۆژمێری شۆڕشی حیزبی دێموکرات لەو بارەوە گوتی: بەداخەوە جیا لە خەرمانان هەموو رۆژ و مانگەکانی ساڵ لە میژووی جۆڵاونەوەی کوردا پڕن لە کارەسات و ڕووداوی ناخۆش و لە هەمان کاتدا سەرکەوتن و سەربەرزی. بەڵام لە میژووی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا مانگی خەرمانان لە دوو ڕوانگەوە پێویستە سەرنجی بدرێ. یەکەم لە ڕوانگەوە کە بە هەڵکەوتیش بێ دوژمن لەو مانگەدا بە خەیاڵی لێ‌دانی زەربەی قوورس و کاریی لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی و مافویستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەیان پیلان و کردەوەی دوور لە یاسا وڕیساکانی مرۆڤایەتی دەرحەق بە حیزبی دێموکرات بەڕێوەبردووە. بەڕێز عومەر باڵەکی لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا گوتی: لە ڕوانگەیەکی دیکەوە کە چاو لە مێژووی جووڵانەوەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات دەکەین ، دەبینین کە سەرەڕای ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتی و شەهید بوونی ڕۆڵە بەنرخەکانی ئەو گەلە، حیزبی دێموکرات نەک تەنیا بە چۆک‌دا نەهاتووە، بەڵکوو بەقامەتی بەرز و پتەو خۆی لەبەر ئەو کارەساتانە ڕاگرتووە و ڕۆژبەداوی ڕۆژ سوورتر و بە ئەزموونتر لە جاری پێشوو لە مەیدانی خەباتدا درێژەی بە کار و تێکۆشانی خۆی داوە. لە بەشێکی دیکە لە پەیامی بەڕێز عومەرباڵەکی بە ئاوردانەوە لە ڕووداوەکانی دیکەی مانگی خەرمانان وەکوو تیرۆری دوکتور سادق شەڕەفکەندی لە ٢٦ی خەرمانان لە سەر کارەساتی ١٧ی خەرمانان و حەماسەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢١ی خەرماناندا کۆمەڵێک خاڵی گرینگی لەو پێوەندییە‌دا ئاماژە پێدا. بەڕێز عومەر باڵەکی لە کۆتایی پەیامەکەی‌دا بە باس کردن لە دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی ئێران و کوردستان لەو بارەوە گوتی: ئێوە لە کاتێک‌دا بەرگی پیرۆی پێشمەرگەتان پۆشیوە کە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئاخوندی بە وەزعییەتێکی نالەباری ئەمنی و سیاسی و ئابووری‌دا تێپەڕ دەبێ و چل ساڵە کە کوشتن و ئێعدامی خەڵکی کوردستان بەردەوامەو هەموو هەوڵی خۆی داوە خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی کوردستان لەیک داببڕن. بەڵام وەکوو نموونە لە مانگرتنە گشتییەکەی ٢١ی خەرمانان ساڵی ٩٧ی هەتاویدا دەرکەوت کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە مووشەکبارانی قەڵاو هاوکات ئێعدامکردنی سێ بەندیی سیاسیی کورد لە ١٧ی خەرماناندا بە دەم بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هاتن و، بەو مانگرتنە سەرانسەرییە وڵامێکی توندیان بە کار و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی دایەوە. پاش قسەکانی بەڕێز عومەر باڵەکی لە لایەن بەشداربووانی دەورەی ٢٣٤سەرەتایی پێشمەرگە، سروودی " من پێشمەرگەی کوردستانم" پێشکەش کرا. لە بڕگەیەکی دیکە دا زانیاری حسێنی پەیامی بەشداربووانی دەورەی ٢٣٤ی خوێندەوە. پاشان هەرکام لە ئازیزان ڕامین خزری، گزینگ ئەحمەدپوور، فەرزاد خۆدکام، ڕەزا مووسەوی، حیسام حسێنی بە خوێندنەوەی شێعر و گوتنەوەی گۆرانی و سروودی حەماسی کۆڕەکەیان ڕازاندەوە. لە کۆتایی‌دا ئامادەبووانی ئەو ڕێوڕەسمە بە گەرمی پیرۆزباییان لە پێشمەرگەکانی دەورەی ٢٣٤ کرد و بەو شێوەیە ڕێوڕەسمەکە کۆتایی پێهات.