کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگای بەرزی "ئۆنتاریۆ"ی کانادا حوکمی فرۆشتنی دوو باڵەخانەی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەرکرد

17:10 - 23 خەرمانان 2719

دادگای بەرزی "ئۆنتاریۆ" ی وڵاتی کانادا بڕیاری دەسبەسەرداگرتنی باڵەخانەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دەرکرد و ئەو باڵەخانانە بە ٢٨ میلیۆن دۆلار فرۆشران. بەپێی بڕیاری دادگا بەشێکی پارەی فرۆشتنی باڵەخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدرێتە قوربانییەکانی دەستی تێرۆر لە ئۆتاوا و تۆرۆنتۆ. بەپێی بڕیاری دادگا لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوییدا ١٣ میلیۆن دۆلار لە پارەی فرۆشتنی مڵک و باڵەخانەکانی کۆماری ئیسلامی ، دەدرێتە کەس و کاری ئەو قوربانیانەی کە لە لایەن گرووپێکی تێرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەک گرۆگانگیری، هێرشەکانی ئارژانتین، ئیسڕائیل، لوبنان و عەرەبستان لە ساڵەکانی ١٩٨٣ تا ٢٠٠٢ گیانیان لەدەستداوە یا تووشی زیان و زەرەر بوون. هەواڵی فرۆشتنی مڵک و باڵەخانەکای کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژنامەکانی کانادا و جیهاندا دەنگی دایەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وێڕای مەحکووم کردنی ئەو بڕیارەی دادگا و وێڕای ئەوەی کە داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە دەکەن، هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەش لە دەوڵەتی کانادا دەکەن. ئەو بڕیارەی دادگای بەرزی کانادا لەگەڵ ئەوەی کە بۆ دەسبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی حکوومەتی ئاخوندەکان بوو لە کانادا، لە هەمان کاتدا مەحکووم کردنی کۆماری ئیسلامییە وەک دەوڵەتێکی تێرۆریستی و بۆ جارێکی تر بوو بەهۆی ڕیسوایی ئەو ڕێژیمەی کە لە چوار دەیەی تەمەنی ڕەش و پڕ لە شوورەیی دا دەستی لە سەدان کردەوەی تێرۆریستی جۆراوجۆردا هەبووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا هەردەم بە تێرۆر و تۆقاندن ویستوویەتی هێژموونی خۆی بەسەر جیهاندا بسەپێنی و لەو ڕێگەیەوە بتوانی بە ئامانجە شوومەکانی خۆی بگا. بڕیاری ئەمجارەی دادگای بەرزی "ئۆنتاریۆ" و دادگای "میکوونووس" دوو بڕیاری گرینگ و یاسایین کە بوونە هۆی ڕیسوایی و تەریکخستنەوەی زیاتری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەولەتی و بێگومان بوونەتە هۆی ئەوەی کە هەموو هەڵسوکەوت و کردەوەیەکی ڕێژیم بە چاوی شک و گومانەوە سەیری بکرێ. شایانی باسە کە گەلی کورد گەورەترین قوربانیی دەستی تێرۆری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و ئەو ڕیژیمە وێڕای دەیان کردەوەی تێرۆریستی لە کوردستان، دەستی سوورە بە تێرۆری سەدان تێکۆشەر و ئازادیخوازی کورد لە جیهاندا و لەو نێوەدا دوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، شەهیدان دوکتۆر قاسملوو و دوکتۆر شەرەفکەندی لە وییەن و ئاڵمان. حوکمی دادگای میکوونووس یەکێک لەو حوکمانەیە کە ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە شێوەیەکی یاسایی بە جیهان ناساند و سەرانی ئەو ڕێژیمەی لە بەرزترین پۆست و پلەدا مەحکووم کرد و بێگومان حوکمی ئەمجارەی دادگای کاناداش دەبێتە هۆی زیاتر تەریک کەوتنەوە و ڕیسوایی ڕێژیمێک کە تەمەنی بەندە بە تێرۆر و کوشت و پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئینسانی و نێوەدەوڵەتی نییە.