کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێککەوتنی ڕووسیە و ئیسڕائیل لەسەر لێدانی هێزەکانی ئێران لە سووریە

21:42 - 23 خەرمانان 2719

لە دیداری نێوان بێنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل و پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیەدا باس لە بەردەوامیی پێوەندییەکانیان لە بارەی سووریە کرا. بێنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل بە هاوڕێیەتی وەزیری بەرگری سەردانی ڕووسیەیان کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای بەردەوامیی پێوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە، باسیان لە هێزەکانی سپای قودسی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد لە نێو خاکی سووریەدا. پێشتر ناوەندێکی هاوکاری لە نێوان ڕووسیە و ئیسڕائیل پێکهاتبوو بۆ ئەوەی لە کاتی هێرشی فڕۆکەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر سپای قودس لە خاکی سووریەدا هیچ بەریەککەوتنێک لە نێوان فڕۆکەکانی ئەو دوو وڵاتەدا ڕوونەدا و ئیسڕائیل لە کاتی هێرەشەکانیدا ناوەندی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیە لە وڵاتی سووریە ئاگادار بکاتەوە. نەتانیاهۆ لەو سەفەرەیدا ڕایگەیاند کە لە دانیشتنەکانیاندا باس لە هاوئاهەنگی و هاوکاری دوو لایەن کراوەتەوە و ناوەندی هاوئاهەنگی ئەو دوو دەوڵەتە هەر وەک جاران درێژە بە کارەکانی خۆی دەدا. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە سپای قودسی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵکی سووریە لەو وڵاتە جێگیر بوون، ئیسڕائیل ئەو هێزانە بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەت و ئاسایشی خۆی دەزانێ و تا ئێستا بە هاوئەهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی ڕووسیە، سەدان هێرشی جۆراوجۆری کردۆتە سەر هێزەکانی سپای قودس و زۆر لە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە لەو هێرشانەدا کوژراون و بریندار بوون. لەو کاتەوە کە ڕاپەڕینی خەڵکی سووریە دژ بە ڕێژیمەکەی ئەسەد دەستی پێکردووە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەرگری لە ڕووخانی دەوڵەتی ئەسەد، بە جبەخانە و هێزی سەربازییەوە دژی خەڵکی وەزاڵەهاتوو و ڕاپەڕیوی سووریە پشتیوانی لەو حکوومەتە دیکتاتۆرە کرد و تا ئێستا لەو ڕیگەیەدا سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سڤیلی سووریە بە دەستی هێزەکانی سووریە و هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و بە میلیۆن کەس بریندار و ئاوارە و پەڕیوەی هەندەران بوون.